ناوەندی هەواڵەکان
کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر نیگەرانیی وڵاتەکەی لە مانگرتنی رۆژنامەنووس گوهدار زێباری لە زیندان لە هەولێر، دەربڕی و جەختیکردەوە کە چاودێریی ئەو دۆخە دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوی کونسوڵخانەی بەریتانیادا هاتووە “بەریتانیا زۆر نیگەرانە لە مانگرتنی رۆژنامەنووس گوهدار زێباری لە خواردن لەناو زینداندا، ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی ئەم بابەتە دەکەین”.
باسی لەوەشکردووە، کە چاودێریی رۆژی دیاریکراو بۆ دادگاییکردنی گوهدار زێباری دەکەن، کە لە١ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەیەوە ئامەد پیران، كەسوكاری یەکێک لە زیندانیانی بادینان ڕایگەیاند، وادەی دادگاییكردنی گوهدار زێباری دیاریكراوە كە بڕیارە لە ١ی تشرینی یەكەم بەپێی ماددەی ١٥ـی هەڵگرتنی چەك بەڕێوەبچێت.
وتیشی، “بیانووی ئەمجارە چەكێكی تاپڕە كە دەگەڕێتەوە بۆ باپیری و لە ماڵی خوشكێكی دۆزراوەتەوە”.
گوهدار زێباری ماوەی ١٤ رۆژە مانگرتنی لە خواردن و خواردنەوە ڕاگەیاندووە و بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە، بەدرێژایی ماوەی ڕابردووش لە زیندانی ئاسایش هێڵدراوەتەوە.
سەبارەت بە دۆسیەی شێروان شێروانیش، ئەو چالاكوانە وتی، هێشتا بڕیاری تەمیزكردنەكەی نەگەڕاوەتەوە و بەهۆیەوە لە زیندانی چاكسازی ماوەتەوە.
گوهدار زێباری، لە تشرینی یەکەمی ساڵی٢٠٢٠دا لەگەڵ چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە بە تۆمەتی “سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکران، لە١٦ـی شوباتی٢٠٢١یش لەلایەن دادگای تاوانهكانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی كرا.
دوای كەمكردنەوەی سزاكەی بەڕێژەی٦٠٪، بڕیاربوو لە١٦ـی ئازاری٢٠٢٣ ئازادبكرێت، بەڵام رۆژێك پێشتر واتە لە١٥ـی ئازاری رابردوو لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی و دوای تانەدان لە بڕیارەكە، ماوەی ئەو سزایە لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.
پاشان دوای تەواو کردنی وادەکەی بڕیاربوو ئازادبکرێت، بەڵام جارێکی دیکە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە هێڵدراوەتەوە تا دادگایی بکرێتەوە لەسەر سکاڵایەکی دیکەی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت، کە خۆی دەبینێتەوە لە چەکێک لە جۆری تاپڕی ڕاوکردن و موڵکی باپیری بووە و کار ناکات و لەماڵ خوشکەکەی دۆزراوەتەوە.
ر.س
Comments are closed.