مامۆستایانی شارەدێی بالیسان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد

شەقڵاوە 

بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان لە قوتابخانەکانی شارەدێی بالیسان لە سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر، مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، تەنیا بەشێک لە قوتابخانەکان چەند مامۆستایەکی کەم دەوام دەکەن و زۆرینەی مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.

نازک ئەحمەد

لە سنوری شارەدێی بالیسان ١٣ قوتابخانە هەن کە زۆرینەیان بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کردووە، قوتابخانەی شەهید عبدالخالقی ناوەندی لە سەنتەری شارەدێی بالیسان، لە کۆی ١٨ مامۆستا تەنیا دوو مامۆستا دەوام دەکەن و ١٦ مامۆستا بایکۆتیان کردووە، ڕۆژانە تەنها وانەی ئەم دوو مامۆستایە دەخوێنرێن و خوێندکارانیش داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بدەن تاکو ئەوانیش لە مافی فێربوون و زانست دوانەکەون.

نازک ئەحمەد، کچە خوێندکارێکی شارەدێی بالیسانە و پۆلی نۆی بنەڕەتیە، نیگەرانە لە بایکۆتی مامۆستایان و دەڵێت: خوێندکاران دوادەکەون لە وانەکانیان، داوا دەکەم حکومەت مافی مامۆستایان بدات تاکو ئێمەش لە مافی زانست و زانیاری بێبەش نەبین.

وتیشی: ئێمە ڕۆژانە تەنها دوو وانە دەخوێنین و باقی مامۆستاکانی ترمان بایکۆتیان کردوە و دەوام ناکەن، ئەوانیش مافی خۆیانە مووچە وەربگرن، بەشێک لە مامۆستاکانمان وانەبێژن و مووچەکەیان زۆریش کەمە کەچی پێیان نادرێت.

سامی یوسف

لەلایەکی دیکەوە سامی یوسف، خوێندکارێکی دیکەیە و دەڵێت: پێویستە حکومەت بە زووترین کات مووچەی مامۆستایان بدات، ڕەوانیە مامۆستای وانەبێژ ٣٥٠ هەزار دینار مووچەکەیەتی کەچی حکومەت پێی نادات، ئێمە دەمانەوێت سەرجەم وانەکانمان بخوێنین نەک تەنها دوو وانە.

لەوچوارچێوەیەدا مامۆستا ئەدیبە عوسمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەهید عبدالخالقی ناوەندی بە ڕۆژنیوزی وت: مامۆستاکانمان بایکۆتیان کردووە ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر پێنەدانی مووچەکانیان، ئێمەش پشتیوانی لە مافی مامۆستایان دەکەین و حەقی خۆیانە مانگانە مووچە لەکاتی خۆی وەربگرن.

مامۆستا ئەدیبە عوسمان

وتیشی: دەوام نەکردنی مامۆستایان و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن کاریگەری دەکاتە سەر ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگاو زانست و زانیاری، بۆیە دەبێت حکومەت بایەخی زیاتر بە کەرتی پەروەدە بدات و کێشە و گرفتی دواکەوتنی مووچە چارەسەر بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە پێش لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریاندا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن، دژی پێنەدانی دوو مانگی ڕابردووی مووچەکانیان، تائێستا حکومەتی هەرێم هیچ خشتەیەکی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوتی ڕانەگەیاندوە و چەند ڕۆژێکی کەم ماوە سێ مانگ تێبپەرێت بەسەر دابەشنەکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان .

 

ر.س

Comments are closed.