سودانی: هەوڵمانداوە دەستپێکردنەوەی نەوت لەگەڵ تورکیا جیا بکەینەوە لە دۆسیەی سکاڵاکان

ناوەندی هەواڵەکان

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بلۆمبێرگی ھەواڵیی ئەمریکیی لە نیویۆرک ڕایگەیاندوە، چاوەڕوانی لایەنی تورکین بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لەڕێگای ھێڵی تورکیاوە، بەتایبەتیش نەوتی وەبەرھێنراوی ھەرێمی کوردستان و ئەمە لەچوارچێوەی سیاسەتی گشتی وڵاتدا دەبێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیویۆرکەوە لەسەر پرسی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای بەندەری جەیهانی تورکیەوە رایگەیاند، چاوەڕوانی لایەنی تورکین بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت .

لە چاوپێکەوتنەکەیدا سودانی ڕایگەیاندوە، ھەوڵ بۆ نرخێکی لۆژیکی دەدەین بۆ نەوت، کە تێیدا زامنی بەرژەوەندی وەبەرھێنەران و بەکاربەران بکرێت، ئێمە نرخێکی جێگیرمان نییەو وای دەبینین نرخی گونجاو بۆ نەوت بڕی ٨٥ بۆ ٩٠ دۆلارە بۆ ھەر بەرمیلێک.

دەشڵێت” عێراق دەبێت بە وڵاتێکی کارا لە بازاڕی غازدا”.

لەبارەی سکاڵاکەیان دژی تورکیا، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاندوە، سکاڵامان لەدژی یەکتر ھەیە لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی، بەڵام دانوستانمان لەگەڵ لایەنی تورکی ھەیە بۆ جیاکردنەوەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە دۆسیە یاساییەکانی تر لە دادگا.

 ئەوەشی خستوەتەڕوو، ڕاوەستانی ھەناردەی نەوت زیان بە ھەموو لایەنەکان دەگەیەنێت بە لایەنی تورکیاشەوە، چاومان بەو کۆمپانیا ئەمریکیانە کەوتووە کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن و ئارەزوویان ھەیە بۆ کارکردن لە بەشەکانی تری عێراق.

لە بەشێكی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا سودانی دەڵێت” لە دیدارماندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسمان لە کاراکردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و ھاتنە ناوەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت کرد لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە.

 لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە خاکی عێراق، سەرۆک وەزیران وتی، ھەڵوێستی فەرمیمان دیارە کە پێویستمان بە بوونی سەربازی یان ھێزی شەڕکەری بیانیی نییە لە عێراق و دەزگا ئەمنییەکانمان لە توانایاندایە ئاسایش بچەسپێنن.

ماوەی سێ ڕۆژە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێكی یاوەری بۆ بەشداریكردن لە خولی ٧٨مینی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەمریكایە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە.

ر.س

Comments are closed.