پەرلەمانتارێک: بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە سەر ئەو نرخەی بانکی ناوەندی دیاریی کردووە

ناوەندی هەواڵەکان

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە سەر نرخی فەرمی خۆی بەو جۆرەی کە بڕیاری لێدرابوو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، دەشڵێت: بانکی ناوەندی لە ئێستادا لە ٨٠%ـی پێداویستییەکانی دارایی دابینکردووە.

موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆیەکانى عێراق ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی بەرەو قۆناغێکی باشتر چووە و لە ئێستادا لە٨٠%ـی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی بە شێوەی حەواڵە دەستەبەر کردووە.

ئاماژەی بەوە  کرد، بانکی ناوەندی ناتوانێت ئەو ٢٠%ـی ماوە گواستنەوەی بۆ بکات کە لە بازاڕی ڕەشدا ماوەتەوە بەهۆی هاوردەکردن لەو وڵاتانەی کە لەلایەن یەدەگی فیدراڵی ئەمریکاوە قەدەغە کراون.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی دەکاتەوە، بازرگانان لە خەمی بەدەستهێنانی دۆلار لە بازاڕی ڕەش پەنا بۆ بازاڕی هاوتەریب دەبەن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەم بەرزبوونەوەی بەهای دینار.

ئەندامەکەى لیژنەى دارایی دەشڵێت: لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا نرخی دۆلار وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ نرخە فەرمییەکەی لە بازاڕەکانی دراودا و ڕێوشوێنی گرنگ خراوەتە ڕوو لەوانەش ئاسانکارییکردن بۆ پرسی باج.

کازمی باس لەوەش دەکات، ئەم ڕێکارە گرنگە و یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە هانی بازرگان دەدات لەبری ئەوەی بچێتە بازاڕی هاوتەریبەوە بگەڕێتەوە ناو بازاڕی دراوەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی هەنگاو بە هەنگاوی نرخی دۆلار.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق لە پەراوێزی کۆبوونەوەى ساڵانەی کۆمەڵەى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکا بە تایبەت، هەریەکە ئەنتۆنی بلیکین وەزیری دەرەوە و برایان نیلسۆن یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، کە لەو کۆبوونەوانەدا، بەڵێنیان داوە بۆ کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و هاوکاریکردنی لە بوارەکانی نەختینەی دارایی و حەواڵەی بانکی بازرگانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات.

هـ.ح

Comments are closed.