سوودانی لەگەڵ ژمارەیەك نوێنەری كۆمپانیا ئەمریكییەکان كۆدەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە خولی ٧٨ی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ ژمارەیەك سەرۆك و نوێنەری كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە شاری نیویۆرك كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر كاری هاوبەشی نێوان عێراق و ئەو كۆمپانیایانە كراوە.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەتا بە كۆبوونەوەی، محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیای جەنەراڵ ئێلیكتریكی ئەمریكی و گروپی تەكنەلۆژیای فرە نەتەوەیی هۆنیوێڵ و كۆمپانیای كوڤێنكین ئەمریكی و چەند كۆمپانیایەكی دیكە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە خولی ٧٨ی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ ژمارەیەك سەرۆك و نوێنەری كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە شاری نیویۆرك كۆبووەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر كاری هاوبەشی نێوان عێراق و ئەو كۆمپانیایانە كراوە، هەروەها باسی بەهێزكردن و پەرەپێدانی ڕێككەوتنەكانی پێشوو كراوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ چاكسازیی ئابووریی و دانانی بناغەكانی گەشەپێدانی تەكنەلۆژیی و پیشەسازیی لە ئابووری عێراقدا.

لە كۆبوونەوەكەدا سوودانی دووپاتی كردەوە، گۆڕەپانی وەبەرهێنانی عێراق ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە وەبەرهێنانێك، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەت بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری، هەروەها پەرەپێدانی لایەنە ئابووری و پیشەسازییەكان.

ماوەی سێ ڕۆژە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێكی یاوەری بۆ بەشداریكردن لە خولی ٧٨مینی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەمریكایە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.