سوودانی: هەموو دەستدرێژییەكی ئێران و تورکیا بۆ سەر عێراق ڕەتدەكەینەوە

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هەموو دەستدرێژییەك بۆ سەر خاكی عێراق ڕەتدەکاتەوە چی لەلایەن ئێران یا توركیاوە بکرێت،

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی لە نیویۆرك ئەنجامدا و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ عێراق پێویستی بە هێزی شەڕكەر بیانی نییە، چ هێزی ئەمریكی بێت یان لە وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە لە ئاستێكی پێشكەوتوودان.

سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانى تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی عێراق، سودانى جەختیکردەوە، هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر سنووری عێراق ڕەتدەكەنەوە، چی لەلایەن توركیا یان ئێرانەوە بێت، دەشڵێت: ئێمە پابەندین بەوەی ڕێگە نەدەین هیچ گروپێكی چەكداری لە خاكی عێراقەوە هێرش بكاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها كار دەكەین بۆ پێكهێنانی لیژنەی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان.

سەرۆک وەزیرانى عێراق باسی لەوەش كرد، لە ئێستادا لە گفتوگۆدان لەگەڵ توركیا، هەروەها هەر هێرشییەك بۆ سەر هەر دامەزراوەیەكی ئەمنی ڕەتدەكەنەوە، لە كاتی بوونی هەر تێبینییەك پێویستە لە ڕێگەی لیژنە هاوبەشەكانەوە دیالۆگی لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێت.

سەرۆک وەزیرانى عێراق وتیشی: ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانمان بڕیاری خۆمان هەیە، ملكەچی خواستی ئەوانی تر نابین، سازش لەسەر سەروەری عێراق ناكەین.

هەر لەو چاوپێكەوتنەدا سوودانی ئاماژەى بە گۆڕانی كەشوهەوا کرد کە بەوتەى ئەو بووەتە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە لەسەر عێراق و ئەوەى خستە ڕوو، ستراتیژێكی نیشتمانییان گرتووەتە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی ژینگە، كە تا ساڵی ٢٠٣٥ دەخایەنێت بۆ چۆنێیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانیان دەستنیشان كردووە، لەوانە ڕێگریی لە بەفیڕۆچوونی غازی كێڵگەكانی نەوت دەكەن.

لە كۆتایشدا سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند: ئێمە پێویستمان بە پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، هەروەها كەمی ئاو كاریگەری زۆری لەسەر هۆڕەكان هەبووە و ئاستی ئاوی دوو ڕووباری گەورەی وەك دیجلە و فورات كەمی كردووە،  لە ڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی ناوچەكە دەكەین، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

هـ.ئ

Comments are closed.