ناوەندی هەواڵەكان
تا دێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان نزیك دەبێتەوە، بەڵام بەپێی وتەى شارەزایانى یاسا لایەنە سیاسییەکان بە یاساکەوە پابەند نین، ئەمەش بەهۆی بێتوانایی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە بەسەر لایەنە سیاسییەكان، هەندێك حزب بەبێ گوێدان یاساكە هەوڵی كڕینی دەنگی هاوڵاتییان دەدەن، لە ڕێگەی پێدانی پارە و چەكەوە.
پەرلەمانتاران و شارازایانی بواری یاسایی سەبارەت بە بەجێبەجێ نەكردنی یاسای حزبەكان لەلایەن بەشێك لە لایەنی سیاسی و گوێنەدان بە یاساكە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم یاسایە بۆ ڕێكخستنەوەی جموجۆڵی حزبەكان و سەرچاوەی دارایییەكانیانە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك جێبەجێ نەكراوە، پەرلەمان هەنگاوی ناوە بۆ میوانداریكردنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەكارهێنانی یاسای حزبەكان بە شێوەیەكی درووست و ڕاستەقینە بە واتای بێبەشكردنی زۆرێك لە حزبەكانی دەسەڵات لە پراكتیزەكردنی كاری سیاسی، لەبەر چەند هۆكارێك لەوانەش بوونی هێزی چەكداریی، جگە لە سەرچاوەی نادیار بۆ دابینكردنی داراییان، كە پارتەكان بڕێكی زۆر پارە لە كارە سیاسییەكانیاندا خەرج دەكەن.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، لەگەڵ كۆمیسۆن گفتوگۆ لەسەر جێبەجێكردنی درووستی یاسای حزبەكان لە كاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەین، جێبەجێ نەكردنی ئەم یاسایە بەو مانایە دێت، كە ئەو لایەنانە بەردەوام دەبن لە سەپاندنی نفوزی خۆیان بە زۆر لە ڕێگەی چەك و پارە.
پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٥ یاسای حزبەكانی پەسەند كرد، كە یەكەم یاسای عێراق بوو لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ڕێكخستنەوەی كاری حزبەكان و سەرچاوە داراییەكانی حزبەكان، هەروەها شێوازی خەرجییەكانیان.
لە هەڵبژاردنی پێشوو هەموو ئامرازەكانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەكارهێنران، لەوانەش قیرتاوكردنی ڕێگاوبانەكان و دانانی محاویلەی كارەبایی، زۆرجار سوود لە سامانی دەوڵەت وەرگیراوە، ئەمە جگە لە بەكارهێنانی سۆشیال میدیا، كە بڕە پارەیەكی زۆر تەرخانكرابوو بۆ دابینكردنی دارایی ڕیكلامی كاندیدەكان، كە سەرچاوەی ئەو داراییانە نادیارە.

سالم حەواس پسپۆڕی یاسایی بە ڕۆژنیوز ڕاگەیاند، جێبەجێكردنی هەموو بڕگەكانی یاسای حزبەكان دەبێتە هۆی ڕێكخستنەوەی كاری حزبەكان، بەڵام جێبەجێكردنی تەنها هەندێك بڕگە لە یاساكە، ئەوە ئەو ئامانجانە بەدەست نایەت كە یاساكەی بۆ دەركراوە.
دەشڵێت، تەوافوقی سیاسی لە عێراق هەمیشە لە سەرووی جێبەجێكردنی هەندێك یاساوەیە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش دەبینین پێشێلكاری یاسایی و دەستووری زۆر لە كارەكانی دەوڵەتدا هەیە، جێبەجێ نەكردنی یاسای حزبەكان لە فۆڕمی درووستی خۆیدا، لەبەر ئەوەیە كە هەندێك لایەن بەهۆی ئەم یاسایەوە زیانیان پێگەیشتووە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش ناوەڕۆكی یاساكە بەتاڵ بووەتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەر كەسێك و قەوارەیەك مافی ئەوەی هەیە داوای یاسایی لە دەسەڵاتی دادوەری تۆمار بكات دژی ئەو دەسەڵاتانەی بەرپرسیارن لە جێبەجێ نەكردنی یاسای حزبەكان، هەروەها جێبەجێنەكردنی یاساكەبە شێوەیەكی درووست لایەنی بەرپرسیار دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی یاسایی.
پێشتر عاد لامی شارەزای كاروباری هەڵبژاردن لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردبووەوە، ڕوونە لە ڕێگەی سەردانی سیاسەتمەداران بۆ وڵاتانی دراوسێ پارەدار دەكرێن، ئەمە جگە لەوەی لە دەرەوەی وڵات پارە سپی دەكرێتەوە.
عیماد جەمیل، بەرپرسی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان پێشتر ڕایگەیاندبوو، بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا كێشەیەكی گەورەیە، هەروەها ئەو كەسانە ئەو كارە دەكەن، ڕووبەرووی یاسایی دەبنەوە.
هـ.ئ
Comments are closed.