باران گەرمیانی
عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی دەڵێت: پژاک لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هاوشێوەی کۆمەڵە و دیموکرات، چارەنووسی خۆیان نەخستە ژێر دەستی دوو هێزی فاشیلی باشووری کوردستان، دەشڵێت: بە ئاقڵانە هەنگاویان نا، ئەنجامەکەی ئەوەیە ئەمڕۆ کەس پێیان ناوێرێت، وتیان دەبێت گەریلا لە شاخەکاندا بێت نەک خۆی ڕادەست بکات.

عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی کورد، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز، کە بە سێ بەش بڵاو دەبێتەوە، لە بەشی دووەمیدا، لەبارەی چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە نیشتەجێی باشووری کوردستانن و کۆکردنەوەیان لە کامپە زۆرەملێکاندا و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان-پژاک، وەک تاکە هێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەرهەڵستی ئەو بڕیارەی کرد و ڕایگەیاند “بە خەویش چەکدانانی ئێمە نابینن” دەدوێت.
عەلی کەریمی لەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەیدا تیشک دەخاتە سەر هەڵوێستەکانی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان-پژاک، کە وەک گەنجترین پارتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئیرادەیەکی سیاسیی و سەربازییەوە، خۆی ڕادەستی بڕیاری داماڵین لە چەک و نیشتەجێکردنیان لە کامپی زۆرەملێ دا ناکات و لە چیاکان درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.
“چارەنووسی خۆیان نەخستە ژێر دەستی دوو هێزی فاشیل”
عەلی کەریمی، چاودێری سیاسیی، باس لە سەرەتای دامەزراندنی پژاک دەکات و دەڵێت: هەر لە سەرەتاوە چارەنووسی خۆیان نەخستە ژێر دەستی دوو هێزی فاشیل، کە نەیانتوانیوە هەرێمێکی سێ پارێزگایی بەڕێوە ببەن، دەیان کێشە و قەیرانیان بۆ هاوڵاتییان درووست کردووە، نەیانتوانی سیستەمێکی دادپەروەریی، یاسایی و پەرلەمانی درووست بکەن، مامۆستا، کرێکار و هەموو هاوڵاتییان لێیان ڕازی نین.
“ئەمڕۆ کەس پێیان ناوێرێت”
دەشڵێت: پژاک بە ئاقڵانە هەنگاوەکانی هاویشت، وەک کۆمەڵە و دیموکرات و حزبەکانی تر خۆی نەخستە ژێر دەسەڵاتی ئەو دوو هێزەی هەرێم و لە زڕگوێز و کۆیە و چەند ناوچەیەکی دیکە بارەگا دابنێن، ئەنجامی ئەو تێکۆشانەی پژاک ئەوەیە، کە ئەمڕۆ کەس پێیان ناوێرێت، خەباتی خۆیان بردووەتە سەر چیاکان و ژێر زەویی و نیشتەجێبوونیان لەناو کامپەکاندا هەڵنەبژارد.
“گەریلا دەبێت لە شاخ بێت نەک لە کامپەکاندا”
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بەوەشدا، کە پژاک خۆیان گیرۆدەی پەدەکە و یەنەکە نەکرد، نەهاتن مانگانە لە بەردەم وەزارەتی دارایی داوای پارە بکەن، ئەوانەی تر یەک مانگ پارەیان نەدەنێ فاسۆلیاکەشیان نییە بیخۆن، بۆیە لە سەرەتاوە پژاک بیری لە ئەوە کردەوە، کە گەریلا دەبێت لە شاخ و ژێر زەوی بێت، لە شاهۆ و برادۆست و تەواوی چیاکانی کوردستان بێت، نەک لە ناو کامپەکاندا بێت، بە تەواوی خۆی ڕادەست بکات.
ب.گ
Comments are closed.