سۆران
جارێکی تر کارکردن لە ڕێگای بالیسان- شکارتە ڕاگیرایەوە و کۆمپانیای جێبەجێکار بە نووسراوی فەرمی ڕایگەیاندووە، کە لە بەرواری ١٥ـی ئەیلولەوە دەستیان لە کار هەڵگرتووە و داوای قەرەبووی زیانەکانیشی لە حکومەتی هەرێم دەکات و هەڕەشەی سکاڵا تۆمارکردنیش لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم دەکات.
لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، لە دژی ڕاگرتنی کارکردن لە ڕێگای سەرەکی بالیسان، دانیشتوانی شارەدێی بالیسان ڕێگاکەیان بەڕووی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بازرگانیدا داخست، دوای ٢٠ ڕۆژ لە داخستنی لە ٢١ـی ئایار ڕێگاکەیان کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی چاککردنی ڕێگای نێوان بالیسان- شکارتەی دەست پێکردەوە.
ڕۆژنیوز نووسراوی فەرمی کۆمپانیای شارستێنی دەستکەوتووە، کە کۆمپانیای جێبەجێکاری ڕێگای بالیسانە، لە نووسراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی پێنەدانی پارەی نەختینەیی لە بەڕێوەبەرایەتی بانکە بازرگانییەکانی هەولێر، ناچارن کارەکانیان لەو ڕێگایە ڕابگرن، هەر بۆیە لە ڕێککەوتی ١٥ـی ئەم مانگەوە، بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەدێی بالیسانیان لە ڕاگرتنی کارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، هەر لە نووسراوەکەدا داوای قەرەبووی زیانەکانی تێکەڵەڕێژکردنی ڕێگاکە دەکەنەوە ئەگەر هاتوو بەهۆی هاتوچۆی هاوڵاتییان و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەوە تێکچوو.
مستەفا ئیسماعیل هاوڵاتییەکی دۆڵی خۆشناوەتییە و ڕۆژانە چەند جارێک لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینەوە تا سنووری شارەدێی خەلیفان بەم ڕێگایەدا هاتوچۆ دەکات، ئـەو دەڵێت ڕێگاکەیان کردە خیز و خۆڵ، جگە لە تەپ و تۆز هیچ سوودی دیکەی بۆ خەڵکی ناوچەکە نییە.
مستەفا دەڵێت ئەو تۆزەی لە شەقامەکە هەڵدەستێت زۆر خراپترە لەو کیمیاییەی لە ساڵی ١٩٨٧ ڕژێمی بەعس بە سەر خەڵکی بالیساندا باراندی، چونکە چەکی کیمیایی یەکجارە و ئەتکوژێت، بەڵام ئەو تەپ و تۆزە هەموو ڕۆژ بەردەوامە و خەڵکی ناوچەکە تووشی تەنگەنەفەسی و ڕەبۆ و چەند نەخۆشییەکی تر دەکات.
بەهۆی تەپوتۆزی ڕێگای بالیسان، سەرجەم دوکان و باخ و ئەو ماڵانەی دەکەونە نزیک شەقامەکەوە، تووشی زیانی زۆر بوون، بەشێک لە ماڵەکان چۆڵکراون و دوکانەکانیش داخراون، ڕەزوباخەکان بەرهەمەکانیان لەناوچووە بەهۆی ئەو تۆز و خۆڵەی لە ژێر تایەی ئۆتۆمبێلەکانەوە دەردەچێت.
بەڕێوەبەری شارەدێی بالیسان نایشارێتەوە کە جیاوازی هەیە لە پێدانی پارەی نەختینەیی بە کۆمپانیاکان و دەڵێت: شەقامی سپیلک کە لە شارەدێی خەلیفانە گوژمەکەی دە قات لە هی ئێمە زیاترە بەڵام هەموو سەری مانگێک سولفەی خۆیان وەردەگرن و درێژی شەقامەکەشیان تەنیا هەشت کیلۆمەترە، کەچی پڕۆژەی ڕێگای بالیسان- شکارتە، تەنیا ٢٣ کیلۆمەترە و حەوت ملیاری بۆ تەرخانکراوە، کارەکانی ئێمە وەستاوە بەڵام هی جادەی سپیلک نەوەستاوە.
مەهدی مستەفا بەڕێوەبەری شارەدێی بالیسان بە رۆژنیوزی وت: وەستانی کارەکانی شەقامی بالیسان و تەواونەکردنی زیانی گەورەی بەدواوەیە، لەمەودواش وەرزی باران بارین دەست پێدەکات و شەقامەکە وێرانتر دەبێت، هەریەک لە قوباد تاڵەبانی و وەزیری پلاندانان و پارێزگاری هەولێر و قایمقامی شەقڵاوە و وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و داراییم لە ڕاگرتنی کارەکانی جادەی بالیسان ئاگادار کردووەتەوە، هیوادارم بە دەم داواکەمانەوە بێن و پارەی نەختینەیی بدەن بە کۆمپانیای جێبەجێکار تا کارەکانی تەواو بکات.
ڕێگای دۆڵی بالیسان، ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی سۆران و شەقڵاوە و هەولێر دەبەستێتەوە، لە ڕووی ئیداریەوە سەر بە شارۆچكەی شەقڵاوەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر و لە ڕووی جوگرافیی و سیاسییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە، ڕێگاكە ٢٢ كیلۆمەترە و تەنیا پێنج كیلۆمەتر ڕێگا دەستكاری كراوە، لە ١٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢وە کارکردن لە ڕێگاکە دەستی پێکردووە و ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی یەک ساڵە، بەڵام وا نزیک دەبینەوە لەو ماوەیە و هێشتا تەنها لە ٤٠٪ـی ڕێگاکە تەواوکراوە و ئێستاش بۆ سێیەم جار کارکردن لە ڕێگاکە ڕاگیراوە.
ب.گ
Comments are closed.