چین و سووریا هاوبەشییەكی ستراتیژی دادەمەزرێنن

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ سەرۆكی چین لە شاری خانژۆ لەگەڵ هاوتا سوورییەكەی كۆبووەوە، لە كۆبووەنەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە، كە هەردوو وڵات كار لەسەر دامەزراندنی پەیوەندیی هاوبەشی ستراتیژی نێوانیان دەكەن.

میدیا چینییەكان سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شی جین پینگ، سەرۆك چین و بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا ڕاپۆرتیان بڵاو كردەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ سەرۆكی چین لە شاری خانژۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕژێمی سووریا كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر دامەزراندنی هاوبەشییەكی ستراتیژی كرایەوە، كە دەبێتە بەشێكی گرنگ لە مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا.

سەرۆكی چین ئاماژەی بەوەش كرد، سووریا یەكێكە لە وڵاتانەی دووبارە پەیوەندیی لەگەڵ چینی نوێ دامەزراندووە، هەروەها یەكێك بوو لەو وڵاتانەی پێشنیاری گەڕاندنەوەی كورسی چین لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، جەختی كردەوە لەسەر پەرەپێدانی هاوكارییەكانی نێوان هەردوولا.

لای خۆیەوە بەشار ئەسەد ڕایگەیاند، دیمەشق بە ئومێدەوە چاوی لە ڕۆڵی بنیاتنەری چینە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، هەموو هەوڵەكان بۆ لاوازكردنی ئەم ڕۆڵە لە ڕێگەی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی چین یان هەوڵدان بۆ درووستكردنی گرژی لە دەریای باشووری چین ڕەتدەكەینەوە.

بەشار ئەسەد سەردانەكەی بۆ چین بە گرنگ وەسف كرد، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ چین دەربڕی، كە لە تەنیشت گەلی سووریا وەستاوەتەوە.

دوای نزیكەی ٢٠ ساڵ دوێنێ بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سووریا و هاوسەرەكەی لە یەكەمین سەردانی فەرمی گەیشتە پەكینی پایتەختی چین.

 هـ.ئ

Comments are closed.