ناوەندی هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران لە خاکی هەرێم، کۆتایی هاتووە و تائێستاش نۆ هەزار ئەندام و خێزانەکانیان، بۆ دووری ٨٠ کیلۆمەتر لە سنووری نێودەوڵەتی عێراق لەگەڵ ئێران دوورخراونەتەوە، ئێرانیش داوای ڕادەستکردنی ٣٨ سەرکردەی ئەو حزبانە دەکات .
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاشكرایكردووە، تائێستا نۆ هەزار ئەندامی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەگەڵ خانەوادەكانیان، گوازراونەتەوە بۆ ناوچەكانی دوور لەسنور، لەگەڵ ڕادەستكردنی چەكەكانیان و وابڕیارە شاندێکی سەربازی ئێرانیش سەردانی سنوورەکان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان هەردوو وڵات .
بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە ڕۆژنامەی (العربي الجدید)ـی قەتەری ڕاگەیاندووە، پرۆسەكە بەردەوامەو گروپە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكان وەڵامدانەوەیەكی باشیان هەیە لەگەڵ بەغداد، لەپێناو خۆ بەدوور گرتن لە سیناریۆی سەربازی كە هیچ لایەك براوە نیە تیایدا .
ئاماژەی بەوەشداوە، تاران بەشێوەیەكی فەرمی داوای ڕادەستكردنەوەی ٣٨ سەركردەی ئەو حزبانەی كردووە، بەڵام عێراق ئامادەنییە شوێنی نیشتەجێكردنی ئەندامانی گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن و خانەوادەكانیان ئاشكرا بكات و ڕادەستیان بکاتەوە.
سەبارەت بە پرۆسەی چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، شوێنی گونجاو و پارێزراویان لەناو هەرێم بۆ دابینكراوە، بەدووریەك كە كەمتر نیە لە ٨٠ كیلۆمەتر، لەسنووری نێودەوڵەتی عێراق لەگەڵ ئێران و پرۆسەكەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامدراوە، كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە ڕێككەوتنە ئەمنییەكە، لەپێناو پاراستنی سەروەری عێراق و ڕێگەگرتن لە هەركارێكی سەربازی ئێران لەناو خاكی عێراق.
وابڕیارە شاندێکی سەربازی ئێران لە سەردانێکی فەرمیان بۆ سنورەكان، بەئامانجی دڵنیابوونەوەیە لە گواستنەوەی تەواوی بارەگاكانی حزبە كوردیەكانی ئێران، لەپێناو جێبەجێكردنی بڕگەكانی دیکەی ڕێككەوتنەکە، بەوپێیەی گواستنەوەی بارەگاكان بڕگەیەكە لە رێككەوتنەكە نەك هەموو ڕێككەوتنەكە.
خاڵی ناكۆكی نێوان بەغداد و تاران لەبارەی ڕێككەوتنەكە، پەیوەستە بە ڕادەستكردنەوەی داواكراوەكان بە ئێران، كە كۆمەڵێك كەسایەتی دیاری حزبە كوردیەكان لە خۆ دەگرێت و عێراقیش تائێستا ئامادەنییە ئەو سەرکردانە ڕادەست بکاتەوە .
ر.س
Comments are closed.