ناوەندی هەواڵەکان
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاساناسان لەبارەی پێشێلکارییەکان لە زیندانی جۆری ئێڵی پانۆس راپۆرتێکیان ئامادەکرد و تیایدا باسیان لەوەکرد، کە دوو ژنە زیندانی بە توندی ئەشکەنجە دراون.
لقی وانی کۆمەڵەی یاساناسان لەپێناو ئازادی (ئۆهەدە)، کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان (توهای-دەر) و سەندیکای پاڕێزەرانی وان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانی جۆری ئێڵی پانۆس لە تورکیا راپۆرتێکیان ئامادەکرد و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆکەکەیان ئاشکرا کرد.
هاوسەرۆکی ئۆهەدەی وان مەهتاب ئیشیک راپۆرتەکەی خوێندەوە و تیایدا ئەوەی خستەڕوو، کە دیداریان لەگەڵ لالە کابیشەن و نازلیجان باریشەر لە زیندانی پانۆس ئەنجامداوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کە نزیکەی ٤٠ سەرباز و پاسەوانی زیندانەکە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ژنانە و ئەشکەنجەیان داون، هەردوو ژنە زیندانیکراوەکە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر، دەست و پێیان بەستراوەتەوە و لە ژورێکدا هەڵیانواسیون و ڕاگیراون، بە وتەی ئەو دوو ژنە زیندانیە بەڕێوەبەرانی زیندانەکە، بەسەر سەریانەوە وەستاون و هەڕەشەی کوشتنیان لە زیندانیان کردووە و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ ئەنجامداون.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەربازان و پاسەوانانی زیندانەکە قژی ئەو ژنانەیان ڕاکێشاوە و لە دواوە کەلەپچەیان کردوون و بردوویانن بۆ نەخۆشخانە.
لەبەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کە زیندانیانی پیاو لە دژی ئەشکەنجەدانی ئەو دوو ژنە زیندانیە، چالاکی ناڕەزایەتیان ئەنجامداوە، بەڵام بەرێوەبەرانی زیندانەکە لە دژی ئەو زیندانیە پیاوانە، دەستیان بە لێپرسینەوەی دیسپلین کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو دوو ژنە زیندانیەدا هێشتا شوێنی ئەشکەنجە بە جەستەیانەوە دیاربووە و لە راپۆرتەکەدا داواکراوە، کە دەستبەجێ لێپرسینەوە لەبارەی ئەو رووداوە دەستپێبکرێت، چوونکە ئەشکەنجە تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و پێویستە ئەنجامدەرانی بە زوویی سزا بدرێن.
لە کۆتاییشدا جەخت لەوەکراوەتەوە، کە ژیانی ژنانی زیندانی لە مەترسیدایە و پێویستە کۆتایی بە ئەشکەنجەدانیان بهێندرێت.
ر.س
Comments are closed.