وەزارەتی بازرگانی: تا ئێستا بڕی ٢٣٣ ملیار دینار لەلایەن بەغداوە ڕەوانەکراوە بۆ جووتیارانی هەرێم

ناوەندی هەواڵەکان

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمساڵ تا ئێستا بڕی ٢٣٣ ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە رەوانەکراوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای رۆژی وەرگرتنی گەنمەکان شایستەکان بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لەکۆی ٤١١ ملیار و٢٤ ملیۆن و٢٩٦ هەزار دینار، پارەی گەنمی جووتیارانی ئەمساڵ تا ئێستا بڕی ٢٣٣ ملیار دینار لەلایەن بەغداوە ڕەوانەکراوە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بنەمای رۆژی وەرگرتنی گەنمەکان، شایستەکان بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێت.

ئەوەش لە ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازیدا هاتوە،  لە ئایندەدا ئەو بڕەی ماوە کە ١٧٨ ملیار و ٢٤ ملیۆن و ٢٩٦ هەزار دینارە، دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژی ٢٧ـی ئایاری ئەمساڵ، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای ئەوەی بەغدا بڕی ٣٧٥ هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و ئەو بڕەیان زیادکرد و بڕیاردرا بەشێوەی کراوە گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.

پاشان وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق بڕیاریدا٥٠٠ هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بە جۆرێک دابەشکرابوو بەسەر پارێزگاکان و  نزیکەی ٢٣٠ هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە،١٤٥ هەزار تۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و ١٢٥ هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک و نرخی هەر تۆنێکیش ٨٥٠ هەزار دینار دیاریکردبوو.

ر.س

Comments are closed.