سودانی: لێکتێگەیشتی باش لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە لەبارەی پرسی نەوتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمشەو لە خولی ٧٨هەمین کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا ڕەتدەکەینەوە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتارێکی لە ٧٨هەمین کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشکەشکرد .

لە بەشێکی وتارەکەیدا ڕایگەیاند، ئیرادەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە عێراقی نوێدا زاڵە، لە پشت حکومەتی ئێستای عێراقەوە هاوپەیمانییەکی سیاسی فراوان لە هەموو پێکهاتەکان بوونی هەیە.

وتیشی، ئێستا عێراق ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارامە، فرسەتی گەورە لەبەردەم وەبەرهێنەراندایە، وڵاتان دەتوانن کاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن .

سودانی لەبارەی ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرسی نەوت ئاماژەی بەوەدا، عێراق وڵاتێکی نەوتی گرنگە، دەوڵەتێکی سەرەکییە لە بازاڕی وزەی جیهانیدا، لە رێگەی بەرنامە هەمەلایەنەکانمانەوە ئیدارەی باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەموو پارێزگارەکانی تری عێراق بە یەکسانی دروست دەکەین، حکومەتی عێراق لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ نوێنەری حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان، لە سەرجەم پارێزگاکانی تری عێراق و لێکتێگەیشتی باش لەسەر پرسی نەوت هەیە .

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت هەمومان پشتیوانی یەکتربین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا و پارە دزراوەکان بگەڕێنینەوە، و سورین لەسەر ئەوەی سیاسەتی دەرەوەمان سەربەخۆ و هاوسەنگ بێت.

لەبارەی دەستێوەردانە نێودەوڵەتییەکان وتی ” هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا ڕەتدەکەینەوە، رێگە نادەین عێراق ببێتە جێگایەک بۆ دوژمنایەتی کردنی وڵاتانی دراوسێ، داوا لە هەموو لایەک دەکەین رێز لە سەروەری عێراق بگیرێت، بەو مەبەستە دەست بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێ درێژ دەکەین لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

ر.س

Comments are closed.