سوودانی: بەردەوام دەبین لە ناردنى پارە بۆ فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، هیچ قەیرانێک لە نێوان هەرێم و بەغدا نییە و بەردەوامیش دەبن لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: پرسی پاکتاوکردنی قەرزەکان و ئەو پارەیەی بۆ هەرێم دەنێردرێت لە کۆتایی ساڵ دەکرێت.

محەمەد شیاع سوودانى سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوتارەکەیدا کە شەوی ڕابردوو لە کۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەشی کرد ڕایگەیاند، هیچ قەیرانێک لە نێوان هەرێم و بەغدادا نییە، بۆ هەموو پرسێک گفتوگۆی جدی و ڕاشکاوانە لە نێوانماندا هەیە، تەنها چەند کێشەیەکى یاسایی هەبووە لە گفتوگۆکانیان ئەوانیش چارەسەرکراون.

سوودانى ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتەکەى بەپێی ڕێکارە یاساییەکان و ئەو ڕێککەوتنانەى کراون بەردەوام دەبێت لە ناردنى پارە بۆ هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە قەرزەکان و ئەو پارەیەى بۆ هەرێم ڕەوانە کراوە، سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕوونی کردەوە، لە کۆتایی ساڵدا پاکتاوی ئەو پارە و قەرزانە دەکرێت کە بە هەرێم دراوە.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی: هەرێمى کوردستان بەشێکى کارای پڕۆسەى سیاسی عێراقە و گفتوگۆی بەردەوام و ڕاشکاو لە نێوان هەردوولادا هەیە لەسەر کۆی پرسەکان.

ئەم وتانەى سوودانى لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە پێدانى ٧٠٠ ملیار دینارى مانگانە وەک قەرز بە هەرێم بۆ ئەوەى موچەى فەرمانبەرانى پێبدات.

هـ.ح

Comments are closed.