ناوەندی هەواڵەکان
دەقی ئەو نامانە بڵاو دەکرێتەوە کە ژنان لە سەرانسەری عێراقەوە ناردوویانە بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان، لە یەکێک لە نامەکاندا هاتووە، هەموو جیهان بەرامبەر تاوانی گۆشەگیریی، خۆیان کەڕ و کوێر و لاڵ کردووە.
لە ڕۆژی ١١ـی نیسانی ئەمساڵ، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کەمپەینی “مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئۆجالان”، هەڵمەتێکی نامە ناردنی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند و بانگەوازی لە هەموو ژنانی ئازادیخواز، بە تایبەتی ژنانی باشوور کرا، کە بەرامبەر بەو تاوان و گۆشەگیرییە سەختەی سەر ڕێبەر ئۆجالان بێدەنگ نەبن، چالاکانە بەشداری کەمپینەکە بن.
هەر بۆیە ژنان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە پێشوازییان لەو بانگەوازییە کرد و نامەکانیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کردووە، لێرەوە ناوەڕۆکی بەشێک لەو نامانە بڵاو دەکەینەوە.
لە یەکێک لەو نامانەی بۆ مسۆگەرکردنی “مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئۆجالان”، کە لەلایەن فائیزە فوئاد نوێنەری زەردەشتییەکان لە کەرکووکەوە نووسراوە، هاتووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەندکردنی “نێڵسۆن ماندێلا” پەشیمانی نیشاندا و کرایە سمبولی ئاشتیی و لێبووردەیی، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان بەرامبەر بەندکردنی ڕێبەرێکی ئاشتیخواز، چاوی خۆیان بەستووە، دەمیان دوورییوەتەوە و گوێیەکانیان کپ کردووە.
سەرەتای نامەکەی فائیزە فوئاد-دا هاتووە، ڕێبەر ئۆجالان وەک سەرکردەیەک بیرکردنەوە چاکەکانی دیوارەکانی زیندانی تێپەڕاندووە و بەرخۆدانی زیاتر و زیاتر جۆشی سەندووە، شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” بە هەموو زمانەکانی جیهان بووەتە وێرد، دیارە ئەم سیمبولە وەک هەموو سەروەرییەکانی تر، مێژووی نوێی کوردی پێ تۆمار دەکرێت.
نوێنەری زەردەشتییەکانی کەرکووک، وتوویەتی: هەموومان لەگەڵتاین و هەمیشە وەک هاوڕێ و سەرۆک و ڕابەری کورد و پێشەوا و مەشخەڵ بەدەستی ئازادییت، ئێمەش بە کردار و گوفتار پەیامەکەت دەگەیەنین.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، درێژترین ماوەی سزادان بۆ کەسێک کە تاوانێکی گەورەی کردبێت ٢٥ ساڵە و پاشان مافی هەیە “مافی هیوا” داوا بکات.
باسی لەوەش کردووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەندکردنی “نێڵسۆن ماندێلا” پەشیمانی دەربڕی و کردییە سمبولی ئاشتی جیهانیی و لێبووردەیی، بەڵام بەرامبەر ڕێبەرێکی ئاشتیخوازی گەلی کورد، کە نوێنەری زیاتر لە ٥٠ ملیۆن مرۆڤە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان چاوی خۆیان بەستووە دەمیان دوورییوەتەوە و گوێیەکانیان کپ کردووە، بەرامبەر ئەو تاوانە، کە جیاوازیی نییە لەگەڵ تاوانی ئاپارتاید، بەوەش گەلێک لە کەسایەتیی ڕێبەرەکەیاندا جینۆساید دەکەن.
لە کۆتاییدا فائیزە فوئاد نووسیوویەتی، ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان، دەبێتە سەرچاوەی ئاشتی جیهانیی و سەقامگیریی.
ش. ئـ
Comments are closed.