هەولێر
ڕۆشنبیرانی هەولێر تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت بە پێشهاتێکی مەترسیدار ناو دەبەن و دەڵێن: لە هەر جێگایەک یەکگرتوویی گەلی کورد هەبێت، ڕژێمی ئاکەپە دژایەتی دەکات، پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بکەران و پیلانگێڕانی پشت ئەم تیرۆرە ئاشکرا بکەن و بیاندەن بە دادگا.
نیوەڕۆی ڕۆژی ١٨ـی ئەم مانگە لە شاری هەولێر هێرشێکی چەکداریی کرایە سەر بارەگای کەنەکە، بەم هۆیەوە دەنیز جەودەت بەرپرسی ئۆفیسی کەنەکە لە هەولێر تیرۆر کرا، بەڵام تا ئێستا بکوژەکەی دەستگیر نەکراوە و هیزە ئەمنییەکانی هەولێر هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
لەمبارەیەوە بەشێك لە ڕۆشنبیرانی هەولێر بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن:

قاسم مەرجانی مامۆستای زانکۆ لەم بارەیەوە وتی: لە هەر جێگایەک یەکگرتوویی گەلی کورد هەبێت، ڕژێمی ئاکەپە دژایەتی دەکەن، بە تایبەتی لە دوای کۆنفرانسی ١٠٠ساڵەی لۆزان، دەوڵەتی تورک دەستی بۆ تیرۆرکردنی ئازادیخوانی کوردستان بردووە، تیرۆرکردنی هەڤاڵ دەنیز جەودەت پێشهاتێکی مەترسیدارە لە باشووری کوردستان، بۆیە لایەنە کوردییەکان دەبێت لە بەرامبەر ئەم مەترسییانە بوەستنەوە.
وتیشی: پێویستە دەزگا ئەمنییەکان بکەران و پلانگێڕانی پشت ئەم تیرۆرە ئاشکرا بکەن و بیاندەن بە دادگا.
کاوە نادر ڕۆشنبیر و چاودێری سیاسیی دەڵێت: تیرۆرکردنی ئەندامێکی کەنەکە لە ڕۆژی ڕووناکدا لەلایەن دووژمنانەوە، شکستی دەزگا ئەمنییەکانی دەستەڵاتە، کە داگیرکەرێک لە نێو پایتەخت لاوێکی کورد تیرۆر بکات، بۆیە دەبێت سنوورێک بۆ ئەم کردەوانە دابنرێت.

کاوە نادر وتیشی: تیرۆرکردن هەوڵێکی ترسنۆکانەیە، کە دەوڵەتی تورک لە ترسی بیر و هزری ئازادیی، بەرامبەر بە ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان دەیگرێتە بەر، پێویستە دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر تاوانبار بدۆزنەوە و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.
ب.گ
Comments are closed.