عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵی داوای هاوکاری لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتى نەتەوەیە کگرتووەکان داواشی لە وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى کرد کە هاوکاری عێراق و حکومەتەکەی بکەن لە نەهێشتنی گەندەڵی و کار ئاسانیش بکەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی و ئەوانەى ئەنجامی دەدەن.

شەوی ڕابردوو لە ٧٨ ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، محەممەد شیاع سوودانی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنی و سەربازی و ئەو هێرشانەى وڵاتانى دراوسێ دەیکەنە سەر خاکی و هەروەها پرسی ئابووری و گەندەڵی و کیشەی ئاو و چەندین پرسی دیکە.

لە وتارەکەیدا سەرۆک وەزیرانى عێراق سەرەتا لەبارەى گەندەڵیی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا ڕایگەیاند: ئێمە دوای پشکنین بۆ ئەم نەخۆشییە کرد کە پێدەڵێین (پەتای گەندەڵی)، بۆ ئەوەش بە توندی ڕووبەڕووی ئەو پەتایە وەستاوینەتەوە، دواتر بەدوای داواکراوان و گەندەڵکاراندا گەڕاین و دەستگیرمان کردن، گوێمان بەوە نەدا ئەوان کێن و سەر بەچی هێز و لایەنێکی سیاسی و لەچی پێگەو دەسەڵاتێکدان و ڕووبەرووی یاسامان کردنەوە و بەسزا گەیەنران.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داواشی لە وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى کرد کە هاوکاری عێراق و حکومەتەکەی بکەن لە نەهێشتنی گەندەڵی و کار ئاسانیش بکەن بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی و ئەوانەى ئەنجامی دەدەن، دەشڵێت: لەسەر هەموومان پێویستە هاوکاریی یەکتر بکەین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەو پارەیەی کە بە تاڵانیشیان بردووە بگەڕێنینەوە.

لەبارەى چاکسازییەکانى حکومەتەکەشییەوە کە بە وتەى خۆی بەرنامەى بۆ داڕشتووە،  سودانى ئەوەى خستە ڕوو، حکومەتەکەی بەرنامەیەکی چاکسازیی گشتگیر و ئاستبەرزی گرتووەتە بەر بۆ گەڕانەوە بۆ بوونیادنانەوەی متمانە بە سیستمی سیاسی، دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتی و زامنکردنی داهاتووی و بونیادنانی عێراقێکی بەهێز و خاوەن توانا.

سودان لەو چوارچێوەیە ئەوەى باس کردووە، بەرنامەیەکیان داناوە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، بەجێگەیاندنی شۆڕشێکی نوێگەریی بەرفراوان لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی، بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی ژیان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەنجامدانی چاکسازیی گشتگیر لە ڕووی ئابووری و کارگێڕی، هەروەها لە کەرتی دارایی و بانکیدا، بۆ ئەوەی ئەو لاوازییە نەهێڵین کە لە سیستمەکانی ڕابردوودا بۆمان مابووەوە، کە توانای گۆڕان و گەیشتنەوە بە پێشکەوتنی جیهان نەبوو.

هەر لە وتارەکەیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، عێراق بووەتە ژینگەیەکی ئارام کە وەبەرهێنەرەکانی وڵاتان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، وتیشی: عێراق هێشتاش وڵاتێکی نەوتی گەورەیە و ناوەندێکی سەرەکیی بازاڕی وزەی جیهانە و دەرفەت و پڕۆژە و کاری زۆر گرنگی لەم بوارەدا ڕەخساندووە، بۆیە داوا لە وەبەرهێنەران دەکەم ڕوو لە عێراق بکەن و هەموو ئاسانکارییەک دەستبەر دەکەین بۆیان.

هـ.ح

Comments are closed.