تێکۆشەرێکی دێرین: تا یەکگرتوو نەبین دوژمن ئاوا زەفەرمان پێ دەبات

کۆیە

بەرپرسێکی پێشمەرگە دێرینەکانی کۆیە دەڵێت: پەرتەوازەیی كورد وای كردووە دووژمنانی كورد زەفەرمان پێ بەرێت، ئەگەر خۆمان ڕێگا بۆ دووژمن دانەنێین ئەو ناتوانێت، دەشڵێت: هێرشەکانی تورکیا دەستی ناوخۆیی لە پشتە، بۆیە داواکاری ئێمە یەکگرتنی هەموو هێزە کوردییەکانە، تا دوژمن زەفەرمان پێ نەبات.

محمد مستەفا
محمد مستەفا

محمد مستەفا ناسراو بە محمد سیاسیی، پێشمەرگەی دێرین و جێگری كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر باشووری کوردستان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

محەمەد سیاسیی وتی: ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان بە گشتیی دەستی ناوخۆیی تێدایە، ئەگینا دوژمن ناتوانێت بەو شێوەیە هێرشمان بكاتە سەر، لە كاتێكدا ئەوانەی شەهید دەبن هەموو كوردن، دەبێت سەركردایەتی كورد لە ئێستادا بە هەڵوێستی نەتەوایەتی و كوردانەوە یەكگرتووبن و وەڵامی هێرشەكانی دووژمن بدەنەوە، نەك وەكو ئێستا هێزێكی کوردیی پێی خۆشە ئەم سنوورە بۆردوومان بكرێت.

سیاسی دەشڵێت: گەر بەردوام بین لەسەر ئەو عەقڵییەت و بەڕێوەبردنەی ئێستا، ئەوا چۆن ئاشبەتاڵیان پێ كردین ئەم جارە بە ئاشبەتاڵیش لێمان ناگەڕێن زۆر خراپترمان لێ بەسەر دێت، بە داخەوە ناتەبایی و ناکۆکی كورد وای كردووە توركیا بە ئاسانی لە ناو ماڵی خۆمان لێمان بدات، چونكە توركیا تا ئێستاش دان بە هەرێمی كوردستاندا نانێت، بۆیە ئەوەی پێویستە بكرێت یەكدەنگیی گەلی كوردە لە بەرامبەر دووژمنان.

باس لەوەش دەكات، گەر هێزە سیاسییەكانی كورد تەبا و یەكدەنگ بن ئێمە وەكو پێشمەرگە هەمیشە خۆمان بۆ كوردستان دەكەینە قوربانی ئامادەین لە پێناو كوردستان بمرین، بەڵام داواكاری ئێمە یەكگرتوویی هێزەكانی كوردە.

محمد سیاسی وتیشی: ئەوەی لە فڕۆكەخانەی عەربەت ڕوویداوە چاوساغی ناوخۆیی بووە و توركیا  سود لەو  ناكۆكیانە دەبینێت پێی خۆشە بەردەوام كورد پەرتەوازە بێ، بۆیە دەبێت ئەوە بزانین ئێمە دەروپشتمان هەموو دووژمنە چاویان لە داگیركردنی خاكی كوردستانە.

ڕۆژی ١٨ـی ئەیلول، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد، لە ئەنجام دا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهید بوون، لە هەمان کات هێرشێکی چەکدارییان کردە سەر نووسینگەی کەنەکە لە هەولێر و دەنیز جەودەت ئەندام و نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان لەو هێرشەدا شەهید بوو.

ب.گ

Comments are closed.