“بەرگرییەک لە مافەکانی ژنان” مانیفیستۆیەک بۆ بزووتنەوەی فێمێنیزم

ناوەندی هەواڵەکان

پەرتووکی “بەرگرییەک لە مافەکانی ژنان” لەلایەن ماری وۆڵستنكرافت نووسراوە، بووەتە مانیفیستۆیەک بۆ بزووتنەوەی ئازادیی ژنان، کە تێیدا بۆ یەکەم جار داوای مافی پەروەردە و دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان کراوە.

پەرتووکی زنجیرە وتاری “بەرگرییەک لە مافەکانی ژن” یەکێکە لە سەرەتاترین تێزەکانی فێمێنیزم و مافەکانی ژنان، کە ژنە نووسەری بەریتانی، ماری وۆڵستنكرافت نووسیویەتی و ساڵی ١٧٩٢ بڵاو کراوەتەوە.

ناوەڕۆکەکەی لەسەر بەرگریکردن لە مافەکانی ژنانە و وەڵامێکە بۆ ئەو تیۆریست و ڕۆشنبیر و سیاسییانەی سەدەی هەژدە، کە باوەڕیان بە مافەکانی ژنان نەبوو، بە تایبەت لە بواری خوێندن و فێربووندا.

ئەو زنجیرە وتارە بووەتە سەرەتا و مانیفیستۆیەک بۆ بزووتنەوەی فێمێنیزم، کە بە کۆمەڵێک داواکاریی ئازادییە سەرەکییەکانی یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاوان دەستی پێ کرد، بەشێک لە داواکارییەکان تایبەت بوون بە خۆشگوزەرانیی ژن و هەندێکی تریش بریتی بوون لە بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و ئازادکردنی ئیرادەیان.

ماری وۆڵستنکرافت لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات: ژنان فێر دەکرێن کە چیرۆکی خۆشەویستی و هاوسەرگیری ئامانجی سەرەکیی ژیانیانە و دەرفەتیان پێنادرێت پەرە بە توانا هزریی و بیرکردنەوەکانیان بدەن و بە جەوهەری خۆیان ئاشنا بن، بۆیە ئەگەر هاوشێوەی پیاوان دەرفەتی خوێندن و پەروەردەی یەکسان بە ژنان نەدرێت ئەوا پێشکەوتنی کۆمەڵگەش ڕادەوەستێت.

ماری وۆڵستنکرافت، ژنە نووسەر و فەیلەسوف و داکۆکیکاریی مافەکانی ژن بە ڕەگەز بەریتانییە، لە ٢٧ ی نیسانی ١٧٥٩ لەدایکبووە. لە ئێستادا بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی فێمێنیستیی دادەنرێت.

ئەو لە گەلێک بواردا دەینووسی، لەوانەش؛ ڕۆمان و گێڕانەوە و مێژووی شۆرشی فەڕەنسیی و کتێبی منداڵان، بەڵام بە وتاری “بەرگرییەک لە مافەکانی ژن” ناوبانگێکی مەزنی ئافراندووە، کە تێیدا گفتووگۆی ئەوە دەکات، ژنان هەرگیز کەمتر نین لە پیاوان، بەڵام بەهۆی نەبوونی پەروەردەوە ئیرادە و بوونیان لاواز کراوە.

ۆوڵستنكرافت دژی ئەوە بووە پیاوان خۆیان بە تواناتر لە ژنان دەزانن، واشیان کردووە ژنان باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان کەم بێت و هەستی ئەوەشیان لای ژنان درووست کردووە، کە زۆربەی لێپرسراوێتییەکان و ناوەندی بڕیار بۆ پیاوان دەگونجێت، لە بەرامبەریشدا هانی ژنانیان داوە تەنها هەوڵبدەن سەقامگیریی لایەنی دەروون و ئابووریی و  ژیانیان لە سێبەری پیاوێکدا ببیننەوە.

دەڵێت، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە فشار لە ژنان دەکات تاوەکو گرنگی بە ڕووکەشیان بدەن، ئەوا هیچ هۆشیاریی و ئاگامەندییەکیان بەرامبەر بەو ئەرکانەی سرووشت پێیانی بەخشیووە نییە، کە ئەمەش بەرەو دەروونێکی ڕووخاو و پەیوەندییەکی خێزانیی لێکهەڵوەشاویان دەبات.

بۆ چارەسەری ئەو کێشانە و ڕزگاربوونی ژنان لەو چارەنووسە تاریکە، پێشنیار دەکات دەرفەتی خوێندن و پەروەردەی یەکسان بە کچان و ژنان بدرێت، چوونکە نەک لە پەیوەندی خێزانیی دایان نابڕێت، بەڵکوو دوور لە هەستی ملکەچیی و بێ چارەیی، هۆشیارییان وایان لێدەکات لەسەر بنەمای ژیریی و لێتگەیشتن ژیانێکی باشتر درووست بکەن.

لەبارەی پاراستنی مافی ژنان و پاڵپشتی کردنیان، ماری بە پێویستی دەزانێت یاسایەکی پاراستنی مەدەنیی بۆ ژنانیش هەبێت، بواریان پێ بدرێت لە هەموو کایەکانی ژیاندا و بە تایبەت لە خوێندندا جێ دەستیان دیار بێت.

لە کۆتاییدا ۆوڵستنکرافت بانگەوازیی “شۆڕش”ی ژنان دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو پێگە ژێردەستییەی تێیدان بەهۆی باڵادەستیی پیاوانەوەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە سرووشتی خۆڕسکی ژنانەوە نییە، ئەوەش کاتێک دەسەلمێندرێت، کە ژنان ئازاد بن بۆ پەرەدان بە ئەندێشە و هەستەکانیان، جا هەر ئەوەندەی ژنان لە ژێردەستەیی و نەزانیی ڕزگارییان دەبێت، وەک هەبوونێکی عەقڵانیی و بە ڕۆحێکی زیندووەوە مامەڵە دەکەن و بەم شێوەیەش کۆمەڵگە سوودمەندی یەکەم دەبێت.

ش. ئـ

Comments are closed.