شنگال
لە دوای جینۆسایدی ٢٠١٤ بۆ یەکەمجار ژنانی شنگال مەڕاسیمی دانانی هیلالیان لەسەر قوبە بەڕێوە برد، ئەم مەراسیمە بۆ یەکەمین جار بە پێشەنگایەتی تاژێ، دایکان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە هیلالیان لەسەر قوبەی خاتوو فەرخە دانا، کە ژنە ڕابەرێکی ئایینی ناو مێژووی ئێزدییەکانە.
لە شنگال بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و کەسایەتییە ئاینییەکان، ژنانی ئێزدی هیلالیان خستە سەر قوبەی خاتوو فەرخە، کە لە مێژووی شنگالدا یەکەمین جارە ژن هیلالی قوبەیەک دابنێن و کاری نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوەی قوبەکە ئەنجامبدەن، ژنانی شنگال لە جەژنی جومایی ئەمساڵدا کاری نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوەی قوبەی خاتوو فەرخەیان ئەنجامدا و هیلالیان دانا و پیشوازیان لە خەڵک کرد.
هەتا ئێستا مەڕاسیمە ئاینییەکان، تەنها لەلایەن پیاوانەوە ئەنجامدەدرا و بەڕێوە دەبرا، بەڵام ئەمجارە ژنان بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی-تاژێ، هەنگاوێکی نوێیان نا و پێشەنگایەتییان لە ڕێوڕەسمێکی ئێزدایەتیدا کرد، هیلالی قوبەی خاتوو فەرخە کە ژنە ڕابەرێکی ئاینی ناو مێژووی ئێزدییەکانە و بە پیرۆز تەماشای دەکرێت.
لە سەرەتادا قوبەی خاتوو فەرخە نۆژەن و پاک کرایەوە، سەدان کەسیش لە هەموو شنگالەوە سەردانی قوبەکەیان کرد، ئەمەش دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بوو بۆ ئێزدییەکان چونکە لە دوای جینۆسایدەوە کەس لە قوبە کۆ نەبووەتەوە، هەروەها هیلالەکە لەلایەن سێ دایکی شنگالییەوە خرایە سەر قوبە.
ب. ق
Comments are closed.