ناوەندی هەواڵەکان
چەند کارمەندێکی وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ڕاهێنایان پێکراوە، بڕیارە لە دوای تەواوبوونی ڕاهێنانەکانیان عێراق فڕۆکەی “سی ئێچ ٥”ـی پێشکەوتوو لە چین بکڕێت.
ماڵپەری “الدفاع العربی” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردوەتەوە، وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیاریداوە لە دوای راهێنانی عێراقییەکان لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، چەند فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە جۆری “سی ئێچ ٥”ی لە چین بکڕێت.
چەند کارمەندێکی سەربازی عێراقیش بەو مەبەستە بڕوانامەی راهێنانی تیۆری و پراکتیکیان لەسەر شێوازی کارپێکردن و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چینیەکە وەرگرتووە .
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “جی ئێچ ٥”ی چینی بۆ چاودێریکردن و هێرشکردنیش بەکاردەهێنرێت، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خاوەنی توانای ئەلیکترۆنی و موشەکی پێشکەوتووە، دەتوانێت بە مەودای شەش هەزار و ٥٠٠ مەتر بفڕێت.
هاوکات ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە، توانای هەڵگرتنی موشەی ئەی ئاڕ ١ و ئەی ئاڕ ٢ـی دژە زرێپۆش هەیە، جگە لەوەش دەتوانرێت بۆمبی ئێف تی ٧ و ئێف تی ٩ـی زیرەکی لەیزەری لێببەسترێت.
ر.س
Comments are closed.