ناوەندی هەواڵەکان
بەرپرسێکی یەنەکە لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، زیادبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بێدەنگی حکومەتی ناوەندی جێگای پرسیارە، بۆچی تەنها ئیدانەی دەکات؟ چەندین کارتی فشاری بەدەستەوەیە بۆچی دژی تورکیا بەکاری ناهێنێت؟ دیارە ئامانجیان لاوازکردنی زیاتری هەرێمە .
ڕابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی یەنەکە لە بەغدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، تورکیا بەردەوام هەڕەشە لە هەرێم دەکات، فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکی بەسەر هەرێمدا دەسوڕێتەوەو مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە، بەتایبەت هێرشی درۆنەکانی تورکیا ناوچە سنورییەکانی تێپەڕاندووەو و لەناو جەرگەی هەرێم خەڵک دەکاتە ئامانج.
دەشڵیت، چالاکی دەزگای هەواڵگیری تورکیا (میت) لەناو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بوونی میتی تورکیا تەنها مەترسی لەسەر سلێمانی دروست نەکردووە، بەڵکو بووەتە مەترسی بۆ سەر هەموو کوردستان و قەوارەکەش .
ئەوەی جێگای وەبیرهێنانەوەیە لە دوایین هێرشی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە شاری سلێمانی کە لە ڕۆژی ١٨ـی ئەم مانگە ئەنجامدرا، لەئاکامدا هێرشەکە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کارمەندی دەزگای دژە تیرۆری یەنەکە.
لەوبارەیەوە ڕابیحە حەمەد، دەڵێت” زۆربەی لایەنە عێراقییەکان ئیدانەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەتیان کرد، بەڵام ئیدانەکردن سودی نییە، دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت”.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرباری بەردەوامی هێرشی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق جگە لە سەرکۆنەکردن و ئیدانە کردنی هێرشەکان، هیچ هەنگاوێکی کرداری بەرامبەر تورکیا نەگرتووەتەبەر.
بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەنەکە وتی، حکومەتی عێراق بۆ هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان نانێت؟، دەبێت خۆی وەڵام بداتەوە، ئایا ژێر بە ژێر دەستی لە هێرشەکاندا هەیە، یاخود هەڵوێستی بۆ وەرناگیرێت؟.
رابیحە حەمەد، جەختیکردەوە، عێراق کارتی فشاری زۆرە و بەکاری ناهێنێت، ئایا بابەتی ژێر بە ژێر لە ئارادایە و نایەوێت هەڵوێست وەربگرێت، یان دەیەوێت هەرێم زیاتر لاواز ببێت.
لەبارەی هۆشدارییەکانی وەزیری بەرگری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر سەرۆکی حزبەکەی و دۆخی شاری سلێمانی وتی، یەکێتی پشت ئەستوورە بە جەماوەرەکەی و چۆک دانادات بۆ هێرش و فشارەکان، سەرۆک بافڵ لەوە گەورەترە تەسلیمی ئەمری واقیع بکرێت، گەر بیانەوێت بەداخستنی فرۆکەخانەو هێرش، یەکێتی ناچار بکەن، تا چییان بوێت بۆیان بکرێت، یەکێتی ئەمە ناکات.
بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، وتیشی،”یەکێتی لە چوارچێوەی دەستوری عێراق دا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەو فشارەکان دەکات، کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد دەکات.”
ر.س
Comments are closed.