ناوەندی هەواڵەکان
نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، بە توندی ڕەخنەی لە هەموواری یاسای “حیجاب و داوێنپاکیی”گرت و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات، چوونکە ئەو یاسایە فشارەکانی سەر ژنان زیاتر دەکات و بەزەبری سزا ئازادییەکانیان بەرتەسک دەکاتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ هەموواری یاسای ” حیجابی زۆرەملێی”ـیان تێپەڕاند، کە تێیدا سزای ئەو ژنانەی پابەندی یاساکە نابن توندتر دەکاتەوە، بەشێوەیەک ماوەی زیندانی کردنی بۆ ١٠ ساڵ و بڕی پێ بژاردنیشی بۆ سەروو هەشت هەزار دۆلار زیاد کردووە.
ڕۆژی هەینی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کە لە جنێڤ بەڕێوەچوو، ڕاڤینا شەمداسانی، وتەبێژی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموواری نوێی یاسای ” حیجاب و داوێنپاکیی”ـی ئێرانی شەرمەزار کرد و بە هەنگاو و یاسایەکی “ستەمکارانە و دژبەرانەی ژنان پێناسەی کرد”.
لە دەستپێکدا وتی: زۆر بەداخەوەین، کە پەرلەمانی ئێران هەموواری نوێی یاسای “حیجاب و داوێنپاکیی” پەسەند کردووە، چوونکە لەلایەک سەپاندنی سزای زیندانیکردن و پێ بژاردنی بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو زیاد کردووە، لەلایەکی دیکەش بە ناڕاستەوخۆ ئامانجە گەورەکانی کۆمەڵگە بچووک دەکاتەوە و بەپرسی لاوەکییەوە سەرقاڵیان دەکات.
شەمداسانی ڕوونیشیکردەوە، ئەو ژنان و کچانەی پابەند نابن بە یاساکەوە بەپێی هەموواری نوێ، دەکرێت سزاکەیان تا ١٠ ساڵ زیندانی کردن بێت، ئەوەش زیادکردنێکی نا پەسەندە بەراورد بە پێشوو کە تەنها ماوەی دوو مانگ بوو، جگە لەوەش بڕی پێبژاردنیان لە نزیکەی ١٢ دۆلارەوە بۆ هەشت هەزار و ٥٠٠ دۆلار بەرزکردووەتەوە.
لە کۆتایی وتەکانیدا شەمداسانی ڕایگەیاند، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکەین کۆتایی بە هەڵاواردنی جێندەریی بهێنێت و سەرجەم ئەو یاسا و بڕیارانەی ڕەفتار و ئازادیی ژنان سنووردار دەکەن، ڕابگرێت و هەڵیان بووەشێننەوە.
ش. ئـ
Comments are closed.