جوتیارانی کۆیە: سایلۆی هەولێر فێڵی لێکردین و تووشی زەرەر بووین

کۆیە

ئەمساڵ هەشت هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی كۆیە لە سایلۆکانی هەولێر وەرنەگیراوە، جوتیارانی سنوورەکەش دەڵێن: بەڕێوەبەڕی سایلۆی هەولێر فێڵی لێ كردووین، گەنمەكانیان لێ وەرنەگرتووین، کەچی نووسراوی وەرگرتنی گەنمەکانیان دزیوە و پێیان نەدراوەتەوە.

ئەمساڵ زیاتر لە هەشت هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی شارۆچکەی كۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە سایلۆی هەولێر وەرنەگیراوە، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنیوز، سایلۆی هەولێر ئەو ڕێژە گەنمەی بۆی دیاریکراوە، ناوی هەموو جوتیارانی کۆیە و بڕی بەرهەمەکانیان لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەمساڵ لە پڕ سایلۆیان داخست و هەشت هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی كۆیە  وەرنەگیرا، لە کاتێکدا نووسراوی ڕادەستکردنیان بۆ کراوە، بەمجۆرە پشکی ئەوانیان بەکارهێناوە بۆ فرۆشتنی گەنم بە عێراق.

لوقمان حەمە ڕەزا
لوقمان حەمە ڕەزا

لەسەر ئەو بابەتە لوقمان حەمە ڕەزا، بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: لە كۆیەوە ٣٠ تۆن گەنمم بردووە بۆ سایلۆی هەولێر، نووسراوی ٣٢  تۆن گەنمم هەبوو بۆ ڕادەستکردن، دوای یانزە ڕۆژ سەرەگرتن بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند كە چیتر ناتوانن گەنم وەربگرن لە كاتێدا ئێمە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كۆیەمان هەبووە بە فەرمی ناومان لە حكومەتی عێراقەوە هاتووەتەوە بۆ ڕادەستكردنی گەنم.

دەشڵێت: پێش ئەوەی سەرە بگاتە ئۆتۆمبێلەكانمان ئێمە نووسراوی فەرمی (ڕەسید)ـی خۆمان ڕادەستی سایلۆ كرد بۆ ئەوەی ڕێكارە ئیدارییەكانمان بۆ تەواو بكرێت، بەڵام نە گەنمەكانیان لێ وەرگرتین نە ڕەسیدەكانیان پێ داینەوە، زۆر هەوڵماندا ڕەسیدەكان وەربگرینەوە وتیان بزر بووە، بە ناچاری بەرهەمەكەم هێنایەوە لە بازاڕ بە هەرزان فرۆشتم، كە زۆر زەرەرمەند بووم لێی.

ئیدریس ڕەحمان
ئیدریس ڕەحمان

ئیدریس ڕەحمان یەكێكی تر لەو جوتیارانەی كە زیانی زۆری بەركەوتووە، دەڵێت: بڕیار وابوو حكومەتی عێراق تۆنی بە ٨٠٠ و پەنجا دینار گەنمی ئەمساڵ لە جوتیاران وەربگرێت، بەڵام ئێمە بەشێكی زۆری بەرهەمەكانمان وەرنەگیرا، من زیاتر لە ٤٠ تۆن گەنمم هەبوو ڕادەستی سایلۆی بكەم، بەڵام لە سایلۆی هەولێر فێڵمان لێ كرا، چونكە ڕەسیدەكانیان لێ وەرگرتین گەنمەكانیشمان لێ وەرنەگیرا.

وتیشی: نازانم كێ بە ڕەسیدی من گەنمی ڕادەست كردووە، هەر بۆیە من لە هەر تۆن گەنمێك بەبێ كرێی ئۆتۆمۆبێل ٣٠٠ و پەنجا دینار زەرەرم كردووە.

دەشڵێ: بێ ئومێد بووم لە هەموو شتێك چونكە ئەو حكومەتە فێڵ و دزی لە جوتیارانیش دەكات، گەر چارەسەری ئەو كێشەیە نەكرێت ناتوانین چیتر كاری كشتوكاڵی بكەین، چونكە ئێمەی جوتیاران بەشە گەنمەكانمان ڕادەستی سایلۆ نەكردووە، كەچی سایلۆی هەولێر دەڵێت تەواوی ئەو ڕێژەیەی حكومەت داوای كردووە وەرگیراوە، لە كاتێدا سەدان جوتیار لێی وەرنەگیراوە، ئەمەش جگە لە فێڵ هیچی تر نییە.

هێمن ڕەسوڵ
هێمن ڕەسوڵ

هێمن ڕەسوڵ، جوتیاراێکی تر دەڵێت: دوای هەشت ڕۆژ لە ڕادەستكردنی ڕەسیدەكەم بە سایلۆی هەولێر وتیان چیتر گەنم وەرناگرین، بەداخەوە لە جیاتی جوتیاران، بەرپرسەكان بە ڕەسیدی ئێمە گەنمیان ڕادەست كردووە، مافی سەدان جوتیاریان خواردووە.

دەشڵێت: دوای ئەوەی چەند جارێك هەوڵماندا ڕەسیدەكانمان وەربگرینەوە وتیان دەیدەینە كۆمپانیا تاوەكو بە هەمان نرخی حكومەتی عێراق گەنمەكانتان لێ وەربگرێت، بەڵام نە گەنمەكانیان لێ وەرگرتین نە ڕەسیدەكانیشمان دەست كەوتەوە، ئێستا من گەنمەكەم لەژێر زەمین هەڵگرتووە، داوا لە وەزیری بازرگانیی عێراق دەكەین لێكۆلینەوە لە سایلۆی هەولێر بكات چونكە فێڵی لە جوتیاران كردووە.

ب.گ

Comments are closed.