ڕیفراندۆم… پوکانەوەی دەستکەوتەکانی کورد و لەگۆڕنانی سەربەخۆیی

باران گەرمیانی

شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەی مەسعود بارزانی، کە وێڕای لە پەلوپۆخستنی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیی، بووە هۆی لەدەستدانی ٥١٪ خاکی باشووری کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە دابڕێنراوەکان، هاوکات دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی کوردی لە دوای شەڕی داعشەوە تواندەوە و خەونی سەربەخۆیی لە گۆڕنا.

ڕۆژی ٧ـی حوزەیرانی ٢٠١٧ نوێنەرانی ژمارەیەک لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو کۆبوونەوە و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دا، لە ژێر ناوی “سەربەخۆیی کوردستان” کە لە ٢٥ـی ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجامدرا.

پێش ڕیفراندۆم

بەهۆی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانانەوە، لە شەڕی دژ بە داعش، کورد بوو بە خاوەنی دەستکەوتگەلێکی گەورە، لە شنگالەوە تا حەمرین گەڕایەوە ژێر دەستی کورد و پێگەی کورد لە ئاستی جیهانیدا گەشەسەندنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی، دەرگای دیپلۆماسی بە ڕوودا کرایەوە و هەموو جیهان چاوی لەسەربوو.

پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، بولگاریا، ئەڵمانیا، چین و ئیسپانیا، هۆشدارییان بە بارزانی دا بۆ ئەنجام نەدانی ڕیفراندۆم و داوایان کرد ئەو پڕۆسەیە ڕابگرێت چونکە شکست دەهێنێت و هەڵەیەکی کوشندەیە، بە پێچەوانەوە بەڵێنی زۆر گەورەیان بە کورد دا، جگە لەوەی کە ئێران، تورکیا و عێراق، بە ڕاستەوخۆ هەڕەشەی داخستنی سنوور و دانانی گەمارۆیان دەکرد لەسەر هەرێم.

وێڕای هۆشداریی و ئامۆژگارییەکانی جیهان، مەسعود بارزانی بەم ڕستەیە وەڵامی دایەوە ” حیساب بۆ ڕەئی کەس ناکەین، ئەگەر سەری گرت ئەوە نیعمەتێکە، ئەگەر سەری نەگرت بڵێن ئەم کابرایە سوار سەری خۆی بووە!” دواجار لە باشووری کوردستان ڕۆژی ٢٥ـی ئەیلولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی ئەنجام دا.

لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم و پوکانەوەی دەستکەوتەکان

هەر دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، گەمارۆکان لەسەر هەرێمی کورستان دەستی پێکرد و جووڵەی دەروازە سنوورییەکان کەم کرانەوە، فڕۆکەخانەکان داخران و هەر یەک لە عێراق، ئێران و تورکیا هەڕەشەیان لە دژی هەرێمی کوردستان دەست پێکرد.

حکومەتی عێراق، مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێری بە هەرێم دا، کە پێشمەرگە لە ناوچە دابڕێنراوەکان بکشێنێتەوە و سوپای عێراق بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە ساڵی ٢٠١٤ جێیان هێشتبوو، بۆ ئەم پرسە سەرانی یەنەکە و پەدەکە لە هاوینەهەواری دوکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و نەگەشتنە هیچ ئەنجامێک.

سا بۆیە لە بەرەبەیانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هێزێکی زۆری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لەشکرکێشییان کرد و لە ٥١٪ـی خاکی باشووری کوردستانیان داگیر کرد، ئەو ناوچانەی بە خوێنی هەزاران پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان، لە چەتەکانی داعش ڕزگار کرابوو، بە چەند کاتژمێرێک چۆڵکران، جگە لە گەریلا و خۆبەخشەکان هیچ هێزێک بەرگریی نەکرد.

هەروەها هەرێمی كوردستان ٥٥٪ـی هەناردەی نەوتی لەدەست دا، پێش ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان ١٢ بیرە نەوتی لە ژێردەستدا بوو، بەڵام هەریەک لە بیرەنەوتەكانی (هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خەباس، جەمبوور، عەینزالە و بەتمە)ـی لەدەستدا و كەوتنە دەستی حكومەتی عێراق، كە كۆی گشتی بەرهەمیان ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە.

گۆڕینی دیمۆگرافیا و تەعریب

بە بڕیاری ڕاكان جبوری پارێزگاری بە وەکالەتی كەركووک، عەرەبی هاوردە گەڕانەوە سەر هەموو ئەو زەوییانەی کورد، كە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە هێنرابوونە ناوچەكە و دواتر لە ٢٠٠٣ ناوچەكەیان جێهێشتبوو، تەعریب جارێکیتر بە شێوەیەکی چڕتر لە پێش ٢٠٠٣ دەستی پێکردەوە،جگە لەوەی کورد بێبەش کرا لە زۆربەی پۆستە ئیدارییەکانی دامەزراوە حکومییەکان و پارێزگاکان، کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی کورددا بوون.

دەرگای دیپلۆماسی جیهان بە ڕووی هەرێمدا داخرا و خۆری هیوای کورد ئاوابوو، بە هەڵەداوان پەنایان بردەوە بۆ بەغدا و لە دەرگای حکومەتی عێراقیان دا، بە جۆرێک پێگەی هەرێم لە عێراقدا لاوازبوو، لە بڕیاردەر و خاوەن مەرجەوە ڕۆڵی گۆڕا بۆ پاڕانەوە و جێبەجێکاری مەرجەکانی  بەغدا.

ئەوەی کە مایەی نەنگی بوو بە ماوەیەکی کەم دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە شکسخواردووەکە، مەسعود بارزانی و سەرانی پەدەکە لە ناو حکومەتی هەرێم، داوایان لە عێراق کرد کە دەرگای دانوستان دانەخات، هەروەها دانیان بەوەدا نا کە ڕیفراندۆم بۆ درووستکردنی دەوڵەتی کوردیی نەبووە.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئامانج لە ڕیفراندۆم سەربەخۆیی نەبوو، ئەی بۆچی پەدەکە، خوێنی هەزاران پێشمەرگە و نیوەی خاکی باشووری کوردستان و پێگەی کورد و تەنانەت سەرچاوە داراییەکانیشی کردە قوربانیی بۆی؟

ب.گ

Comments are closed.