غازى فەیسەڵ
دوێنێ شەو وەزیری بەرگریی تورکیا یاشار گولەر، لە ڕۆژنامەی میلـلەتی تورکی بە درێژی قسەی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد و لەناو قسەکانیشیدا نەیتوانی دان بە ئەتەکێت و ئەدەبی قسەکردنیدا بگرێت و ناوی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی هێنا گوایە پشتیوانی پەکەکە دەکات دژی دەوڵەتی تورکیا.

پێش ئەوەی بێمە ناو بابەتی نووسینەکەم بە بیری خوێنەرانی بەڕێزی دێنمەوە دەوڵەتی تورکیا و نۆکەرانی با باش بزانن زمانی هەڕەشە بەسەرچووە و سەردەم سەردەمی دیالۆگ و لێک تێگەیشتنە.
ئێمە وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر ڕێچکە و ڕێبازی خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال دەڕۆین و هەمیشە هەوێنی ئاشتیی و برایەتیی و پێکەوە ژیان بووین لە ناوچەکەدا و خۆمان بە خاوەنی ڕاستەقینەی کوردستان دەزانین لەگەڵ هەموو حزبە کوردییە شۆڕشگێڕەکانی تر بەتایبەت ئەو حزبانەى تێدەکۆشن لە پێناو ئازادیی بۆ کوردستان .
ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین و بە هیچ شێوەیەک وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دژی هیچ نەتەوە و ڕێکخراو و وڵاتێک نین، بڕوای تەواومان بە ئازادیی و پێکەوەژیانی گەلان هەیە بۆیە یەکێتى بە ڕابەرایەتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی خەبات دەکەین و تێدەکۆشین بۆ ئازادیی کوردستان و پاراستنی ئەو دەسکەوتانەی بە خوێنی شەهیدانی کوردستان بەدی هاتوون و بۆ ڕێگرییکردن لەو هێرشە دوژمنکارانەی تورکیا و خیانەتکارانی کوردایەتی.
بۆ ڕزگاربوون لەو قەیران و نەهامەتییە سیاسیی و سەربازیی و ئەمنیی و ئیدارییەیانەی لەسەر دەستی حزبێکی خائینزادەی ناوخۆ و بە پلانی تورکیا بەسەر هەرێمی کوردستانیان هێناوە.
هەرچەندە ئەو سیاسەتەی دەوڵەتی تورک دژی پێکەوە ژیان و ئازادییە دژی هەموو کوردێکی نیشتیمانپەروەر و ئازادیخوازە و دەیانەوێت درێژە بە سیاسەتی داگیرکارانەی سەردەمی کۆنی عوسمانییەکان بدەن بۆیە حکومەتی ئەردۆغان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستاش بەردەوام دژی ئازادیی و دیموکراسیی بووە و بێجگە لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان هەوڵی سڕینەوەی گەلی کوردیشیان داوە.
لە ساڵی ١٩٩٧ەوە لەسەر داوای حزبەکەی مەسعود بارزانی بە قوڵایی سەدان کیلۆمەتر بە هێزێکی گەورە و پڕ چەک و تەقەمەنی پێشکەوتوو و بە دەبابە و فڕۆکە و هێلیکۆپتەر هێرشیان کردە سەر هێزەکانی یەکێتى لە شەقڵاوە و شاخی سەفین و گوندەکانی خۆشناوەتی سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی چەک و ژمارەوە شەڕێکی نابەرانبەر بوو، بەڵام پێشمەرگەکانی یەکێتى بە خوێنی گەشی دەیان فەرماندە و سەدان پێشمەرگەی قارەمان بەرگریمان لە کوردستان کرد و ڕێگریمان کرد لە داگیرکەرانی تورکیا نەمانهێشت زیاتر خاکی کوردستان داگیر بکەن .
بەداخەوە لەو هێرشەدا چەکدارەکانی پارتی بارزانی شان بە شانی جەندرمەی تورک هێرشیان دەکردە سەر پێشمەرگەکانمان و هەر لەو کاتەوە تا ئێستا دەوڵەتی تورک هێزەکەی نەگەڕاندووەتەوە ناو خاکی تورکیا و لە هەرێمی کوردستان سنوورێکی فراوانیان داگیرکردووە سەرووی ٨٠ بنکە و بارەگای میت و جەندرمەی دەوڵەتی تورک و سەربازگەیان درووست کردووە.
تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر گوندنشینان و جوتیاران و ئاژەڵدارانی کوردستان ڕۆژانە دێهاتەکانمان چۆڵ دەکەن و ڕەز و باخمان دەسووتێنن شار و گوندمان بۆمباران دەکەن هەر بەوەشەوە نەوەستان لە ساڵی ٢٠١٩ نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان لە تورکیا دەرکرد .
لەسەر هەڵوێستی نەتەوەییمان نزیکەی ساڵێکە فڕۆکەخانەی سلێمانیان بەڕووی تورکیادا لەسەر داخستووین، بێجگە لە بۆردوومانی فڕۆکەی تورکیا، کە ڕۆژانە دەیکاتە سەر شار و گوندی کوردستان لە بەرواری ١٨ـی ئەیلولی٢٠٢٣ دیسان بە درۆن هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت و سێ پێشمەرگەی قارەمانی یەکێتیان شەهید کرد و چەند پێشمەرگەیەکى دیکەیان بریندار کرد و ئەم هێرش و دووژمنکارییانەی دەوڵەتی تورک دژی هەموو عێراقە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و لە دژی هەموو حزبێکی ئازادیخوازە و بە هۆیەوە زیانێکی زۆر گەورە بەر جوگرافیای کوردستان و خاکی پیرۆزی کوردستان کەوتووە.
هێرشەکانی تورکیا بێجگە لەوەی چەکی قەدەغەکراویشیان بەکارهێناوە، کە دژی مرۆڤایەتییە لە هەمان کاتیشدا پێشێلکردنی سیادەی عێراقیشە و پێویستە هەموو حزب و ڕێکخراوەکان پشتیوانی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی بکەن بۆ ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕتر بکاتەوە.
پێویستە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق چارەسەرێکی بە پەلەی پێشێلکارییەکانی حکومەتی تورکیا بکەین و هێزەکانی تورکیا لە خاکی کوردستان و عێراق دەربکرێتە دەرێ، ئەوکات دانوستان بکەن لەگەڵ حکومەتی تورکیا بۆ چارەسەری ئاشتییانە و پێویستە کۆڕ و سیمیناری زۆر بکرێ.
زۆر بنووسرێ و زۆر بگوترێ و خۆپیشاندان بکرێ بۆ پشتیوانیکردن لە سەرۆک بافڵ بۆ هەوڵە دیپلۆماسیەکانی و لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا تۆمار بکرێ دژی ئەو پێشێلکاری و هەڕەشە و کارەساتە مرۆییانەی دژ بە هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە .
پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەست لەو چاوساغی و هەماهەنگیەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەڵبگرێت و بێتەوە سەنگەری کوردایەتی و بەرەی گەل و بەیاننامە دەربکەن دژ بە پێشێلکاریەکانی هێزەکانی تورکیا و هەروەها، دەست بەرداری ڕێکەوتنە ٥٠ ساڵیەکەیان بن لەگەڵ تورکیا، چونکە زیانی گەورەی نیشتیمانی و مێژوویی بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.
پێویستە گەلی کورد لە هەموو جیهان بە گشتی و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بە تایبەت بە یەکگرتویی خەباتی سیاسیی و مەدەنییانە بکەن و بە هەموو گەلانی دنیای ڕابگەیەنین ئێمە گەلێکی ئاشتیخواز و غەدرلێکراوی،ن دژی هیچ نەتەوە و ئاین و وڵاتێک نین و بڕوای تەواومان بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان هەیە.
پێویستە ڕێگریی بکەن لە دەستوەردان و هێرشەکانی تورکیا دژ بە هەرێمەکەمان و پێویستە دانوستان لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا ئەنجام بدرێت و تورکیا دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردا بنێت.
ئـ.م
Comments are closed.