ناوەندی هەواڵەكان
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، دوایین پێشنیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەناردەكردنی دانەوێڵە لە دەریای ڕەشەوە جێبەجێ ناكەن، چونكە ئەوان داواكانی ڕووسیایان جێبەجێ نەكردووە، هەروەها زلهێزەكانی ڕۆژئاوای بە “ئیمپراتۆرییەتی درۆ” پێناسە كرد.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە ٧٨مین كۆبوونەوەی نەتەوەیەكگرتووەكاندا لە نیۆرك وتارێكی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێشكەش كرد.
سێرگی لاڤرۆڤ ڕایگەیاند، دوایین پێشنیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەناردەكردنی دانەوێڵە لە دەریای ڕەشەوە جێبەجێ ناكەین، چونكە ئەوان داواكانی ڕووسیایان جێبەجێ نەكردووە، ئەمە لە كاتێكدایە، وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵیان دەدا پشتیوانی بۆ كیێڤ لە شەڕی دژی ڕووسیا كۆبكەنەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نامەیەكدا بۆ لاڤرۆڤ لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ـدا، چوار پێشنیاری خستە ڕوو، كە دەزگا نێودەوڵەتییەكە دەتوانێت ئاسانكاری بۆ زیادكردنی هەناردەكردنی دانەوێڵە لە ڕووسیاوە بۆ جیهان بكات، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ ڕازیكردنی مۆسكۆ بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنەكان، هەروەها ڕێككەوتنەكە ڕێگە بە ئۆكراین دەدات دانەوێڵە لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە هەناردە بكات.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش كرد، ئێمە بۆ ئەمینداری گشتییمان ڕوون كردەوە، كە بۆچی پێشنیارەكانی جیبەجێ ناكەن، ئێمە پێشنیار و ڕێككەوتنەكان ڕەت ناكەینەوە، بەڵام ناتوانرێت بە ئاسانیش جێبەجێ بكرێت.
ڕوونیشی كردەوە، مۆسكۆ لە دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای ڕەش كشایەوە بە هۆی جێبەجێنەكردنی ئەو بەڵێنانەی كە بە ڕووسیا درابوو، لەوانە هەڵگرتنی سزاكانی سەر بانكێكی ڕووسیا و بەستنەوەی بە سیستەمی سویفتی جیهانیی.
لاڤرۆڤ وڵاتانی ڕۆژئاوای بەوە تۆمەتبار كرد، كە لە شەڕەكاندا، پشتیوانی لە ئۆكراین دەكەن، عەقڵییەتی كۆڵۆنیالیزمی نوێیان گرتەبەر، هەروەها زلهێزەكانی ڕۆژئاوای بە “ئیمپراتۆرییەتی درۆ” وەسف كرد.
ڕووسیا لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٣ لە ڕێككەوتنی هەناردەكردنی دانەوێڵە كشایەوە، كە بە پێی ڕێككەوتنەكە ئۆكراین نزیكەی ٣٣ ملیۆن تۆن دانەوێڵەی هەناردە دەكرد، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ وڵاتانی هەژار، چونكە دەبووە هۆی كەمكردنەوەی نرخی خۆراك بە ڕێژەی زیاتر لە ٢٠٪ لەسەر ئاستی جیهان.
هـ.ئ
Comments are closed.