ناوەندی هەواڵەكان
فەرماندەی ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی چەند ڕۆژێكی تر، مۆڵەتی داوەتە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ ئەوەی حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان و عێراق، چەک بکرێن و لە كامپەكاندا نیشتەجێ بكرێن.
ڕۆژنامەی “شەرق ئەوسەت”ـی عەرەبی، سەبارەت بە دوایین وادەی مۆڵەتی چەكکردن و لە كامپ دانانی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە ناو هەرێمی كوردستان و عێراق، لە زاری فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێرانەوە زانیاریی نوێ ئاشکرا دەکات.
ڕۆژنامەكە لە زاری محەمەد باقری، فەرماندەی ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، هیچ شوێنێك بۆ دوژمنانی ئێمە و بیانییەكان لەم ناوچەیەدا نییە و پێویستە گرووپە جوداخوازەكان بە تەواوەتی لە چەك دابماڵرێن و لە سەرتاسەری عێراق دەربكرێن.
ئاماژەی بەوەش كرد، بڕیاربوو تا ڕۆژی ١٩ـی ئەم مانگە ئەو حزبانە بە تەواوەتی چەک بکرێن، بەڵام لە ماوەی ئەو شەش مانگەی مۆڵەتمان بە هەرێم و عێراق داوە بۆ ئەو كارە، تەنها ئەو گرووپانە كەمێك لە سنوورەكانمان دوور خراونەتەوە، دەشڵێت: سەرۆك كۆماری ئێران داوای لێ كردووین دان بە خۆماندا بگرین و چەند ڕۆژێكی دیكە مۆڵەتیان بدەینێ و ئێمەش چاوەڕوانین بزانین چی دەكرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاندبوو، پرۆسەی چەککردن و گواستنەوەی چەکدارانی حزبە کامپنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناو خاکی هەرێم، کۆتایی هاتووە و تا ئێستاش نۆ هەزار ئەندام و خێزانیان، بۆ دووری ٨٠ کیلۆمەتر لە سنووری نێودەوڵەتی عێراق لەگەڵ ئێران دوورخراونەتەوە، ئێرانیش داوای ڕادەستکردنی ٣٨ سەرکردەی ئەو حزبانە دەکات.
هـ.ئ
Comments are closed.