کادرانی یەنەکە: خیانەتی ناوخۆیی دەستکەوتەکانی کوردی لەبار بردووە

سۆران

کادرانی یەنەکە، لە بەرامبەر داگیرگاریی دەوڵەتی تورک و مەترسییەکانی وڵاتی ئێران و عێراق و خیانەتی پەدەکە، داوای یەکڕیزیی و کۆدەنگی نیشتمانیی دەکەن، چونکە هەڕەشەکانی ئەم سێ دەوڵەتە لە یەک کاتدایە و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، دەشڵێن: هەمیشە خیانەتی ناوخۆیی شۆڕش و دەستکەوتەکانی کوردی لە باربردووە.

لەبارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، بۆ سەر باشووری کوردستان و خیانەتی پەدەکە، کادرانی یەنەکە لە سنووری مەڵبەندی شەشی سۆران، لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

عارف ماویلی
عارف ماویلی

عارف ماویلی لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن لە مەڵبەندی شەشی سۆرانی یەنەکە وتی: بەداخەوە کورد لە ناوخۆیدا نەیتوانیوە لەبەرامبەر هەڕەشەکانی داگیرکەران یەکگرتوو بێت، تەنانەت لە ناوخۆی باشووری کوردستان حوکمڕانی هێزە دەسەڵاتدارەکانیش هۆکارێک بووە بۆ نەمانی هەستی نیشتیمانیی، ئێستا عێراق خۆی لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبینێت و ئەگەر بۆی بکرێت دژایەتی گەورەی کورد دەکات.

ئەو کادرەی یەنەکە وتیشی: ئێستا کورد لە هەموو کات و سات و ساڵێک زیاتر پێویستی بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی هەیە، بۆ ئەوەی کورد لەو دۆخە چەقبەستووییە ڕزگاری ببێت، تاکە ڕێگا یەکڕیزیی و کۆدەنگیی نیشتیمانییە.

هاوکات ئەدیبە بالیسانی کارگێڕی مەڵبەندی شەشی سۆرانی یەنەکە، لەم بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ناتەبایی و ناکۆکی نێوان سەرکردایەتی سیاسیی کورد و حزبە کوردییەکان، هۆکاری سەرەکی ئەم ماڵوێرانی و پارچەپارچە بوون و خیانەت و دوژمنکارییەن کە لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی کورد یەکگرتووبان بەو شێوە زەلیلە نە دەژیان.

ئەدیبە بالیسانی
ئەدیبە بالیسانی

دەشڵێت : تورکیا بەردەوامە لە تیرۆر و بۆردوومانکردنی خاکی کوردستان، بەڵام هەڵوێستێکی جوامێرانەمان نەدیوە لەلایەن سەرکردایەتی کورد کە شەرمەزاریان بکات، دوژمنان دەست ناپارێزن لە هیچ کوردێک بۆ ئەوان گرنگ ئەوەیە کوردێک لەناوبەرن، تەنها پاساوی ئەو بۆردوومانانەش لەناوبردنی کورد و درووستکردنی درز و کەلەبەری زیاترە لە نێوان کوردەکاندا.

لە کۆتایشدا ئاماژەی بە خیانەتی پەدەکە دا و وتی: خیانەت لە مێژووی کورد کاریگەریی گەورەی هەبووە و کوردی بەرەو نەمان و هەڵدێر بردووە، هەمیشە خیانەتی ناوخۆیی شۆڕش و دەستکەوتەکانی کوردی لە باربردووە.

ب.گ

Comments are closed.