هەرێم قادر
ژنانی شارۆچکەی شارەزوور سوودێکی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە و وەک سەرچاوەیەکی بەدەستهێنانی بژێویی و داهاتی سەربەخۆ بەکاری دەهێنن، تێیدا ڕێکلام بۆ بەرهەمە دەستڕەنگینییەکانیان دەکەن و دەیفرۆشن.
هەمیشە دەوترێت، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی نەرێنی و خراپی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە درووست کردووە، بووەتە سەرچاوەی ئەنجامدانی توندوتیژیی و هەراسانکردن، بەڵام ژنانی خاوەن کار دیوێکی ئەرێنی بەهێزیان نیشانداوە، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووە بە ئامڕازێک بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان.
ژنانی خاوەن کاری شارۆچکەی شارەزوور، بەشێکی بەرچاویان ئەو بەرھەم و کەرەستانەی درووستی دەکەن، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەیفرۆشن و بەمەش بوون بە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان.
لە شارۆچکەی شارەزور بەشێکی زۆری ژنان کاری ڕستن و چین دەکەن، داوا لە ژنانی دیکەش دەکەن هەوڵبدەن بەهرەکانیان بدۆزنەوە و پەرەی پێبدەن، تا لە ڕێگەیەوە سەرچاوەیەکی داھاتی تایبەت بە خۆیانیان ھەبێت.
لەبارەی گرنگی هەبوونی ئابووریی سەربەخۆ و پشت بەستن بە توانا و لێهاتووییەکانی ژنان؛ ژنانی خاوەن کار بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و باس لە ئەزموونی کار و سەرکەوتنەکانیان دەکەن.
چاوان تاھیر ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی شارەزوورە بۆ ڕۆژنیوز وتی: زۆر گرنگە ژنان لە ھەر پێگەیەکدا بن خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ بن، ئەمساڵ پێکەوە لەگەڵ خوشکەکەم لە ڕێگەی دانانی هەژمارێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، توانیومانە کاری دەستی بکەین بە سەرچاوەیەکی داھات بۆ خۆمان لەو ڕێگەیەوە پێداویستییەکانی خۆمان پڕ بکەینەوە.
وتیشی: داوا لە ژنان دەکەم ئەو کارەی دەیزانن پەرەی پێبدەن، بیکەن بە سەرچاوەی داھاتیان، چوونکە کارکردن بۆ ژنان زۆر پێویستە، گرنگە ھەموو کەسێک سەرچاوەی داھاتی تایبەت بە خۆی ھەبێت، زۆریش دڵخۆش دەبم کاتێک ژنێک کارێک دەکات و داھاتی تایبەت بە خۆی ھەیە، ئەوە دەبێتە ھاندانێک بۆ ژنانی دیکەش کەوا کار بکەن.
ئەڤین فاخر ژنێکی دیکەیە و لەپاڵ خوێندنەکەیدا کاری دەستیش دەکات و دەڵێت: ھەموو ژنان پێویستە کاری تایبەت بە خۆیان ھەبێت، من خۆم توانیومە پەرە بە ئیشەکە بدەم، کە درووستکردنی ئیکسسواراتە و وەک سەرچاوەیەکی داھاتی کەسیی سوودی لێ ببینم، پێویستە تەواوی ژنان ئەو توانا تایبەتەی ھەیانە بیدۆزنەوە و پەرەی پێ بدەن و لە ڕێگەیەوە ببنە خاوەن کاری تایبەت بە خۆیان.
ئەڤین وتیشی: ھەرچەندە خوێندکارم، بەڵام ھەوڵم داوە کاری دەستی تایبەت بە خۆمم ھەبێت، لە ئێستاشدا لە ڕێگەی پەیجێکی تایبەتەوە بە ئۆنڵاین کارەکانم دەفرۆشم، زۆرجاریش بەشداری پێشانگاکان دەکەم و بەرھەکانی خۆمی تێدا ساغ دەکەمەوە.
ش.ئـ
Comments are closed.