لە سلێمانی مەراسیمی چلەی شەهید نەژوان عەبدوڵا بەڕێوەچوو

سلێمانی

لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی خانەوادە و ئەندامانی تەڤگەر و ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئازادیخوازان، چلەی شەهید نەژوان عەبدوڵا و ساڵیادی شەهید شوكری سەرحەد بەڕێوەچوو، بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان درا.

ئەمڕۆ، لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی خانەوادە، ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی و ئازادیخوازان، مەراسیمی چلەی شەهید نەژوان عەبدوڵا ناسراو بە هەڵگورد بەڕێوەچوو.

بەکر مەجید

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان لە لایەن خانەوادەی شەهیدانەوە مۆم داگیرسێندرا، دواتر وتەی تەڤگەری ئازادی لەلایەن بەکر مەجید خوێندرایەوە و وتی: لەم قۆناغەدا دەوڵەتانی داگیرکەر هێرشی دڕندانە دەکەنە سەر گەلەکەمان و تیرۆرمان دەکەن، کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەڵێن، لەهەر جێیەک کوردێک هەبێت لەناوی دەبەین، لەو چوارچێوەیەشدا ئەردۆغان دەیان چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و ئازادیخواز پەلکێشی زیندان دەکرێن یان شەهید دەکرێن.

وتیشی: شەهید هەڵگورد کەسێکی مەدەنیی و ئازادیخواز بوو، بەڵام بینیمان بە درۆنی تورکی، کە هەموو سنوورێکی یاسایی و نێودەوڵەتی پێشێلکردووە و لە دووکاندا شەهیدیان کرد، چونکە شەهید هەڵگورد هەمیشە داکۆکی لە مافی گەلەکەی دەکرد و لە پێناو گەلەکەیدا شەهید بوو، بۆیە شەهیدی هەموو گەلە.

پێشەوا سەرکەوت

پاشان وتەی بنەماڵەی شەهید، لە لایەن پێشەوا سەرکەوت، برای شەهیدەوە خوێندرایەوە و وتی: لای هەمووان ڕوونە هەڵمەتێکی تیرۆرکردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی و ئازادیخواز بەڕێوەدەچێت، بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەریی تورکەوە هەوڵی لەناوبردن و قڕکردنمان دەدرێت.

وتیشی: شەهید هەڵگورد هەر لە تەمەنی لاوێتیدا و دوای کۆچی دوایی باوکمان، ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەی لە ئەستۆ گرت، پاشان لەسەر ڕێباز و فکری بەڕێز ئۆجالان خۆی پەروەردە کرد و هەو:ی کوردستانێکی ئازادی دەدا، شەهید هەڵگورد ناوی هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە هاوشێوەی مامە ڕیشە و لەیلا قاسم و دەیان شۆڕشگێڕی دیکە.

لە کۆتاییشدا وتی: وەکو خێزانەکەی بەردەوامی بە ڕێبازی شەهید هەڵگورد و شەهیدانی ڕێگای ئازادیی دەدەین، لەسەر هەمان فکر و ڕێباز و تێڕوانینەکانی بەردەوام دەبین تا کوردستانێکی ئازاد بنیادبنێین.

سەردار قادر

دواتر لەلایەن سەردار قادر، پارچە شیعرێک خوێندرایەوە و بە ئامێری داتاشۆو ژیاننامە و هەڵوێستەکانی شەهید هەڵگورد پێشکەشکرا.

ئەم مەراسیمە لە کاتێکدایە، کە لە سەروبەندی ساڵیادی شەهیدکردنی شوکری سەرحەد داین، بۆیە لە مەراسیمەکەدا یادی شەهید شوکری سەرحەد کرایەوە و ژیاننامە و تەواوی ڕێ و ڕێبازەکانی لە شۆڕشی گەلی کورددا بە ڤیدیۆیەک پێشکەش کرا.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، شەهادەتنامە پێشکەش بە دایە سەمیرە، دایکی شەهید نەژوان بەخشرا، هاوکات کتێبی شەهید سەرحەد شوکری پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

ر.س

Comments are closed.