فەڕەنسا بڕیاریدا بە كشانەوەی هێزەكانی لە نەیجەر

ناوەندی هەواڵەكان

بە پێی بڕیارێکی ماکرۆن، باڵیۆزی فەڕەنسا لە نەیجەر لە چەند كاتژمێری داهاتوودا دەگەڕێتەوە پاریس، هێزەكانیشیان تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵن، دەسەڵاتدارانی ئێستای نەیجەر ئەمە بە ساتێكی مێژوویی و هەنگاوێكی نوێ بەرەو سەروەریی دەزانن.

دوێنێ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا بڕیاریدا، باڵیۆزی فەڕەنسا لە نەیجەر لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بگەڕێتەوە پاریس، هێزەكانی فەڕەنساش تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵن، هەروەها فەڕەنسا كۆتایی بە هاوكارییە سەربازییەكانی لەگەڵ نەیجەر دەهێنێت.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەنجومەنی سەربازیی نەیجەر فڕینی فڕۆكە فەڕەنسییەكانی لە وڵاتەكەیدا قەدەغە كردووە، ئەمەش ڕێگریی لە چوونی فڕۆكەی فەڕەنسا بۆ ئاسمانی نەیجەر دەكات.

دەسەڵاتدارانی ئەنجوومەنی سەربازیی نەیجەر لە میدیای فەرمی وڵاتەكەیانەوە بەیاننامەیەكیان ڕاگەیاند و ئەم کشانەوەیان بە هەنگاوێكی نوێ بەرەو سەروەریی لە قەڵەم دا.

ڕاشیانگەیاند، هەر دامەزراوەیەك، یان قەوارەیەك كە ببێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەمان، دەبێت بە ناچاری خاكی باوباپیرانمان بەجێ بهێڵێت، جا پێی خۆش بێت یان نا، پێشتر دادگای نەیجەر بڕیاری دەركردنی سیلڤاین ئیتی باڵیۆزی فەڕەنسای لە وڵاتەكەی دەركردبوو.

لە ٢٧ـی تەمووزدا، لە دژی محەمەد بازووم سەرۆكی نەیجەر، كودەتای سەربازیی ئەنجام درا، بە سەرۆكایەتیی ژەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان، دواتر سەرۆكی نەیجەر دەستبەسەر كرا و لە كار لابرا، لە ئێستادا ململانێی وڵاتانی جیهان لە نەیجەر چڕ بووەتەوە و شەڕی ناوخۆییش دەستی پێكردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.