برادۆست
کۆچەرییەکانی برادۆست، کە بە هۆی پەدەکەوە ئاوارە بوون، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەن لە دژی پیلانەکانی دوژمن و هێرش و داگیرکارییەکان، یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.

بەهۆی ڕۆشتنی ئەو هێزە زۆرەی پەدەکە، کە لە ١٣ـی ئەم مانگە، لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بە زیاتر لە ٢٠٠ زرێپۆش و تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورس و زیاتر لە هەزار چەکدارەوە، بۆ کوێستانەکانی برادۆست، پێش دەستپێکردنی وادەی کۆچکردنی جوتیار و کۆچەرییەکانی، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ناوچەکەیان پێ چۆڵکردن و ئاوارە بوون.
بەشێک لەو کۆچەرییانە لە دژی هێرش و داگیرکاریی و پیلانگێڕییەکانی دوژمن لە سەر کورد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و بانگەوازییەک لە لایەنە کوردییەکان دەکەن.
ئاواز عومەر یەکێک لە کۆچەرییە ئاوارەبووەکانی برادۆست بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمەی کورد لەوەتەی هەین هەر دەربەدەر و ئاوارەین، دوژمنمان زۆرە و کوردیش لە ناوخۆیدا یەکگرتوو نین، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە کورد هەمیشە لە چەوسانەوەدایە.

وتیشی: ئەگەر کورد یەک بگرن ژیانی ئێمەی کۆچەریش باشتر دەبێت و پارێزراو دەبین، داوا لە حکومەت و حزبەکان دەکەم یەک هەڵوێست و یەک دەنگ لە پێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکدا کار بکەن، هەر کاتێک کورد یەکگرتوو بێت ژیانی ئێمەش ئارامتر دەبێت.
پورە خۆخ یەکێکی ترە لە کۆچەرییەکان و دەڵێت: ئێمە بەردەوام لە ژێر تۆپ و تەیارەی تورکیا و ئێراندا دەژین، ژیانمان لەسەر پێشمەرگە و کوردایەتی دانا، بۆیە داوا لە حکومەت و حزبە کوردییەکان دەکەم یەکگرتوو بن تا ژیانی ئێمەش بکەوێتە دۆخێکی باشتر و ئارامتر.
کورد لە مێژوودا چەندین جار دەربەدەر و ئاوارە بووە، بەڵام ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت ژیانی ئێمەش باشتر دەبێت

حەربی محەمەد دەڵێت: ئێمە جاری یەکەم نییە کە ئاوارە دەبین، کورد لە مێژوودا چەندین جار دەربەدەر و ئاوارە بووە، بەڵام ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت ژیانی ئێمەش باشتر دەبێت، بۆیە داوا لە سەرکردایەتی کورد و لایەنە سیاسییەکان دەکەم لە پێناو گەل و نیشتیماندا یەکبگرن و بۆ یەک ئامانج تێبکۆشن.
ب.گ
Comments are closed.