ناوەندی هەواڵەكان
نوێنەری بانكی نێودەوڵەتیی لە عێراق ڕایگەیاند، بانكەكەیان بڕی سێ ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتی حكومەتی عێراق تەرخان كردووە، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئاو و بەنداو و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا لە وڵاتدا.
ڕیتشاد عەبدول نور نوێنەری بانكی نێودەوڵەتیی لە عێراق لە میانی بەشداریكردنی كۆنفرانسی ئاو و سەرچاوەكانی ئاو لە زانكۆی ئەمریكی وتارێكی پێشكەش كرد.
لە وتارەكەیدا وتی، بانكەكەیان بڕی سێ ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتی حكومەتی عێراق تەرخان كردووە، بە مەستی چارەسەركردنی كێشەی ئاو و بەنداو و گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بڕە پارەیە بۆ هاوكاری و پشتیوانی حكومەتی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە ستراتیژییەكانی ئاو، هەروەها بەكارهێنانی سیستەمی ئاودێریی مۆدێرن و پاراستنی بەنداوەكان، بۆ ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارەساتە مرۆییەی كە لە لیبیا ڕوویدا.
وتیشی: بانكەكە لە ڕووی تەكنیكیشەوە پاڵپشتی حكومەتی عێراق دەكات، لە ڕێگەی پێشكەشكردنی شارەزایی و ئەزموونەكانی بۆ ئەوەی كارەسات ڕوونەدات، دەتوانرێت كارەكان لەلایەن پسپۆڕانەوە ئەنجام بدرێت، تا ساڵی ٢٠٢٦ هەموو كارەكانی پەیوەست بە قەیرانی ئاو تەواو بكرێت.
ڕوونیشی كردەوە، كەمی ئاو كاریگەری لەسەر كۆچی ناوخۆیی هەیە، ئەمەش وا دەخوازێت حكومەتی عێراق خێراتر كار لە سەر جێبەجێكردنی پرۆژە ستراتیژییەكانی پەیوەست بە كەمی ئاو بكات.
بەهۆی درووستكردنی دەیان بەنداو لەسەر ڕووباری دیجلە و فورات لەلایەن دەوڵەتی داگیركەری توركەوە، عێراق دووچاری وشكەساڵیی و كەمئاوییەكی سەخت بووەتەوە و كاریگەرییەكانی تەنگی بە هاوڵاتییانی عێراق هەڵچنیووە.
هـ.ئ
Comments are closed.