قەڵادزێ
بەشێک لە چالاکوانانی قەڵادزێ پێیان وایە، ئەو بۆردوومانانەی ئەم دواییە، دەستی ناوخۆ و لایەنێکی کوردییە، کە خۆی گیرۆدە کردووە و بووە بە داردەستی دوژمنانی کورد، دەشڵێن: پێویستە دەوڵەتی تورک و خیانەتکارانیش سزا بدرێن.
ڕۆژی ١٨ـی ئەیلول، لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر نوێنەرایەتى کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و لە ئەنجامدا دەنیز جەودەت نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان شەهید کرا، هەر هەمان ڕۆژ دەوڵەتى داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهید بوون.
سەبارەت بەو بۆردوومان و هێرشانە، چالاکوانانی شارۆچکەی قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ڕەسوڵ عەلی لەمبارەیەوە وتی: ئەو بۆردوومانانەی ئەم دوایانە، دەستی ناوخۆ و لایەنێکی کوردییە کە خۆی گیرۆدە کردووە و بووە بە داردەستی دوژمنانی کورد، کە لە هەر کوێیەک کوردێکی بە شەرەف هەبێت و ویستی ئازادیی لەناو خوێنیدابێت و بیەوێت ئەم وڵاتە بەرەو سەقامگیریی و ئاڕاستەیەکی باش بەرێت، کوردی خۆمان دەچێت دەستی دوژمنان دەگرێت و لە هەر کوێیەک بێت دەیەوێت لەناوی بەرێت.
باسی لەوەشکرد، دوژمنان خەیاڵیان خاوە و کورد هەرگیز بەو جۆرە و بە دوژمنان لەناو ناچێت، پێویستە هەڵوێستی جدی بگیرێتە بەر و ئیتر لە ئیدانەکردن و دەرکردنی بەیاننامەدا نەمێنێتەوە، چونکە ئەوە کارێکی ترسنۆکانەیە، ناکرێت دوژمن بێت و لێمان بدات و بمان کوژێت ئێمە تەنها ئیدانەی بکەین، ئیدانەکردن هیچ شتێک لە بابەتەکە ناگۆڕێت.
ئەو چالاکوانە بە پێویستیشی دەزانێت، کە ئیتر لایەنە کوردییەکان کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بکەنە دەرەوە و نەهێڵن بە هیچ جۆرێک لەم شوێنەدا بوونی هەبێت، بایکۆتی هەموو کاڵایەکی تورکی بکەن ئەگەر قەیرانیش درووست بکات، ڕێگا نەدەن کە کورد چیتر لە دەروازە سنوورییەکانەوە بچێتە تورکیاوە، فشاری ئابووریی بخەنە سەر تورکیا بە گرتنەوەی نەوت و ڕێگا بازرگانییەکان، تا ئەو کاتەی دەست لەم کارە قێزەونە هەڵدەگرن و چۆک دادەدەن بۆ مافەکانی گەلی کورد.
ڕەسوڵ وتیشی: پێویستە ئەو کەس و لایەنانە سزا بدرێن، کە دەستی ڕەشی تورک دەهێننە سەر گەلی کورد لە خاک و وڵات و شارەکانی خۆماندا کە بە خوێن ئازادمان کردووە.

ڕەحمان حسێن چالاکوانێکی تر لەمبارەیەوە وتی: بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەت لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە تیرۆرکردنی ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، پێمان دەڵیت کە گەلی کورد لە ژێر هەڕەشەیەکی مەترسیداردایە.
وتیشی: پێویستە لەم بارودۆخەدا گەلی کورد یەکگرتوو بێت، چونکە بە یەکگرتوویی و برایەتیی دەتوانین ئامانجەکانمان بپێکین، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئامانجی لەناوبردنی گەلی کوردە و هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان پێشمەرگە و هاوڵاتی و گەریلایەک، کە بەرگریی لە خاک و نیشتیمان دەکات، کە ئەمەش جێگای مەترسییە.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: پێویستبوو لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستێکی جدیتریان هەبووایە و باشتر بهاتنایەتە مەیدان، ئەو هێرش و داگیرکارییانە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە و پێویستە حکومەتی عێراق بێتە دەنگ، هەروەها پێویستە نەتەوە یەکگرتوەکانیش هەڵوێستیان هەبێت لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییانەدا.
ب.گ
Comments are closed.