ناوەندى هەواڵەکان
لە ساڵیادى ڕیفراندۆمە شکستخواردووەکەى بارزانى، ئەمڕۆ مەسرور بارزانى پڕۆژەى “گەشانەوەى” ڕاگەیاند، کە بە وتەى خۆى بریتییە لە پێدانی قەرز بۆ بازرگانییە بچووك و مامناوەندەكان، ئەم قسانەش لە کاتێکدایە، فەرمانبەرانى هەرێم مووچەى سێ مانگیان وەرنەگرتووە و هەرێم نزیکەى ٤٥ ترلیۆن دینار قەرزارە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانى لە وتارێکدا پڕۆژەى “گەشانەوەى” ڕاگەیاند، کە بە وتەى خۆى پڕۆژەکە بریتییە لە پێدانی قەرز بۆ بازرگانییە بچووك و مامناوەندەكانی هەرێمى کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان ماوەى سێ مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە و بە هۆیەوە دەیان ڕۆژە فەرمانبەران لە سنوورى پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان، ڕاپەڕین و شارۆچکەى کۆیە بایکۆتى دەوامیان ڕاگەیاندووە.
هەروەها، ئەحمەدى حاجى ڕەشید، ئەندامى پێشووترى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرىی بە رۆژنیوزى ڕاگەیاند، لە میانەى دانیشتنى پەرلەمانى هەرێم، لە ساڵی ٢٠٢١ ئامانج ڕەحیم سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاندبوو، هەرێم ٣١ ملیار دۆلار قەرزدارە، بە پێی قسەی ئەم کابینەیەش بێت حکومەت دوو ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا ٢٩ ملیار دۆلارەکەی تر ماوە، کە دەکاتە نزیکەی ٤٣ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار.
هەروەها، بە پێى وتەى مەلا یاسین، وتەبێژى دەستەى وەبەرهێنانى هەریمى کوردستان، ڕێژەى لە ٨٠٪ـى پڕۆژەکانى هەرێمى کوردستان، بەهۆى دابین نەکردنى بودجەى پێویستەوە کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ڕۆژى ١٧ـى ئەم مانگەدا، بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، واتە بۆ سێ مانگ بڕی دوو تریلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار بە شێوەى قەرز بداتە هەرێم و لەو چوارچێوەشدا ڕۆژى ٢٤ـى ئەم مانگە بڕێکى زۆر پارەى بۆ هەرێم نارد، بەڵام هێشتا چارەنووسى مووچەى مانگەکانى ١٠، ١١ و ١٢ـى، فەرمانبەران بە نادیارى ماوەتەوە، چونکە دیار نییە عێراق بڕێکى دیکە پارە بە قەرز دەداتە هەریم یان نا.
ئـ.م
Comments are closed.