لە ئێستاوە بەشێک لە کاندیدەکانی عێراق دەستیان بە بانگەشە کردووە

ناوەندی هەواڵەكان

پێش دەستپێكردنی وادەی فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەشێك لە كاندیدەكان لە ڕێگەی جێبەجێ كردنی خزمەتگوزاریی لە گەڕەكە هەژارنشینەكان و لە ڕێگەی بەڵێنەكانیانەوە بانگەشەیان دەستپێكردووە، ئەمەش پێچەوانەی بڕیار و یاساكانی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقە.

ڕۆژنامەی “عەرەبی جدید” سەبارەت بە دەستپێكردنی بانگەشەی پێش وەختەی بەشێك لە كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە.

ڕۆژنامەكە لە زاری چاودێرانی سیاسییەوە ئاشکرای کردووە، زیاتر لە مانگێك پێش وادەی دیاریكراوی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، بەشێك لە كاندیدان بانگەشەیان دەستپێكردووە، ئەمە لە كاتێكدایە كۆمسیۆن هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی توند بۆ ڕێگە گرتن لەو كارە دەكات، بەڵام بانگەشەکردنی پێش وەختە لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشوودا دووبارە بووەتەوە، بە بێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی ڕاستەقینە.

ئاماژە بەوەش كراوە، سەرەڕای هەڕەشەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، زۆربەی كاندیدەكان دەستیان كردووە بە بانگەشە، لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵاییەتییەكان و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ ناوچە هەژارنشینەكان و دامەزراندنی خەڵک.

بە وتەی عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندن لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ئەمجارە ڕێكارەكان بەرامبەر سەرپێچی كاران زۆر توند دەبن، نەك تەنها لە كۆمسیۆنەوە، بەڵكو لەلایەن حكومەتیشەوە، هەروەها هەموو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان یان وەزارەتەكان بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆدایە، لە بە فیڕۆدانی پارەی گشتیی لە هەڵبژاردنەكاندا.

دەشڵێت: لیژنەی دەستپاكی كۆمسیۆن لە ڕێگەی فۆڕمێكی تایبەتەوە كاندیدەكان پابەند بە یاساكان دەكات، هەروەها كۆمسیۆن بەدواداچوون بۆ ئەو موڵك و پارەیەش دەكات، كە كاندیدەكان خاوەندارێتی دەكەن.

ئاماژەی بەوەش كرد، هەر كاندیدێك گەر لە یاساكانی كۆمسیۆن دەربچێت سزا دەدرێت، ڕەنگە سزاكە بگاتە ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی یان زیندانیكردن بۆ ماوەی ساڵێك، هەندێكجار بابەتەكان ڕەوانەی دادگاكانی تاوان دەكرێن، ڕەنگە ببێتە هۆی ڕێگریی كردن لە كاندیدبوونی سەرپێچی كار.

جەختیشی كردەوە، كۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەكات، هەر كاندیدێك پێش ئەو وادەیە بانگەشە دەستپێ بكات، لەلایەن  كۆمسیۆنەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت، ئێمە سەرنج دەدەین بەشێك لە كاندیدەكان لە سۆشیال میدیا پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دەست پێدەكەن، ئەمەش ئەو كاندیدانە دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی یاساییەوە، چونكە تیمەكانی چاودێریی لە سەرتاسەری پارێزگاكان جێگیركراون.

ڕوونیش كردەوە، ڕێككەوتنێك هەیە لەگەڵ شارەوانی پارێزگاكان بۆ دیاری كردنی شوێنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، ئەم ڕێكارانە لە كاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێن.

عەلی لامی، ئەندامی بزووتنەوەی مەدەنی عێراق ڕایگەیاند، چەند مانگێك لە مەوبەر بانگەشەكانی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە، هەروەها ڕۆژانە كاندیدەكان و حزبەكانیان سەردانی شوێنە جیاوازەكان دەكەن، بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژانە بڕە پارەیەكی زۆر لەلایەن ئەو كاندیدانەوە خەرج دەكرێت، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئاهەنگ و كۆنفرانس و پشتگیرییكردن لەو دەڵاڵانەی دەنگیان بۆ كۆدەكەنەوە، جگە لە جێبەجێكردنی هەندێك خزمەتگوزاریی لە ڕێگەی قیرتاوكردنی شەقامەكان و دابینكردنی محاویلەی كارەبایی و پێدانی بەڵێنی گەورە.

باسی لەوەش كرد، كۆمسیۆن لە هەموو هەڵبژاردنێكدا هەڕەشەی ئەوە دەكات، كە هەر كاندیدێك پێش دیاریكردنی وادەی ڕەسمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان، بانگەشە ئەنجام بدات سزا دەدرێت، بەڵام ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناكرێت، چونكە حزبەكان لە سەروی یاساوەن.

بڕیارە ڕۆژی ١٨ـی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، عێراق هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدات، ئەمەش یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەبێت لە داوی ٢٠ـی نیسانی ٢٠١٣ـەوە، ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەرپرسیارن لە هەڵبژاردنی پارێزگار و بەرپرسانی جێبەجێكاری پارێزگا، هەروەها دەسەڵاتی دانان و دەركردنیان هەیە.

هـ.ئ

Comments are closed.