تەڤگەری ئازادیی: ڕیفراندۆم پیلانێکی داگیرکەران بوو دژ بە کورد

باران گەرمیانی

لە سەروبەندی شەشەمین ساڵیادی ڕیفراندمە شکستخواردووەکەی بارزانییدا، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی دەڵێن: ئەو ڕیفراندۆمەی لە باشووری کوردستان کرا، دەمانزانی پڕۆژەی گەلی کورد نییە، بەڵکو پڕۆژەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە، بۆیە وەکو تەڤگەر چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەمان ئەنجام دا و پڕۆژەیەکی جێگرەوەمان پێشکەشکرد.

لە ٢٥ـی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧، مەسعود بارزانی، ڕیفراندۆمێکی شکستخواردووی بە ناوی سەربەخۆیی کوردستانەوە ئەنجامدا، هەر زوو لێکەوتەکانی ئەم ڕیفراندۆمە دەرکەوتن و لە ١٦ـی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان دەستپێکرد و ٥١٪ ـی خاکی باشووری کوردستانیان لە دەستی کورد دەرکرد.

پێش ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بڕیاری بایکۆتکردنی ڕیفراندۆمی دا، بە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و سمینار، هۆشدارییاندا، لە لێکەوتە خراپەکانی و ئەوەی کە ئەمە پیلانی داگیرکەرانە و کاتی ڕیفراندۆم نییە، لەو بارەیەوە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ڕووناک مەجید
ڕووناک مەجید

ڕووناک مەجید، بە ڕۆژنیوزی وت: ڕیفراندۆم پیلانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و ئەنجامدەری پەدەکە بوو، کورد لە پێش ڕیفراندۆم لە ڕووی سیاسیی و دیپلۆماسیی و هاوکاری سەربازییەوە، لەبەرەو پێشچوونی بەرچاودا بوو، دوژمن چاوی بەمە هەڵنەهات، لەو کاتەدا تەڤگەری ئازادیی بایکۆتی کۆی پرۆسەکەی کرد و پڕۆژەیەکی جێگرەوەی پێشکەشکرد، چەندین سمینارمان ئەنجامدا و هۆشدارییمان دا، چونکە دەمانزانیی ئەو کاتە باشووری کوردستان ئامادە نەبوو بۆ ئەو پرۆسەیە لەڕووی ئابووریی، سەربازیی و پشتگیریی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لە دەستدانی ٥١٪ خاکی باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، ناوچەکانی کەرکووک، خورماتوو گوڵاڵە و چەندین ناوچەی تر، تا نزیکی شنگال لە دەستی هێزە کوردییەکان دەرچوون، هەر لەو کاتەشدا ئەم پیلانە عەفرینیشی لە ڕۆژئاوای کوردستان گرتەوە چونکە لە چوارچێوەی یەک پیلاندا بوو.

ئەبوبەکر مەجید
ئەبوبەکر مەجید

هەروەها ئەبوبەکر مەجید، لەمبارەیەوە وتی: ئەو ڕیفراندۆمەی لە باشووری کوردستان کرا، دەمانزانی پڕۆژەی گەلی کورد نییە، بەڵکو پڕۆژەی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکە، دەیەوێت جارێکی دیکە لە پرسی کورد بدات، وەکو پێگەیەکی سەربازیی خۆی بەکاریبهێنێت بۆ هێڕشکردنە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

جەختیشی کردەوە، لە پێش ڕیفراندۆم چەند جارێک ڕامانگەیاند، کە ئەمە پڕۆژەی گەل نییە، بەڵکو تەنها بۆ لێدانە لە پرسی کورد، ڕێک بەو شێوەیەش دەرچوو، وەکو تەڤگەری ئازادیی لەو کاتەدا چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەمان ئەنجامدا و ڕوونکردنەوەمان دا، کە ئەنجامی ئەم ڕیفراندۆمە باش نابێت، بەداخەوە لایەنە سیاسییەکانی تری باشوور کردیان بە ئەمری واقع، بە ناوی درووستکردنی دەوڵەتەوە بەسەر هاوڵاتییاندا.

ئەبوبەکر مەجید وتیشی: ئەمە بووە هۆی ئەوەی نیوەی خاکی باشوور لە دەست بدەین و قەیرانێکی نوێ بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشدا دوای ڕیفراندۆم ئەو پەیوەندییانە بە تەواوی لاوازبوو، لەو کاتەدا دەرفەتێکی باش بۆ گەلی کورد هاتبووە پێشەوە، کەچی خودی مەسعود بارزانیی و پەدەکە، ڕاسپێردرابوون بۆ لەناوبردنی ئەو دەرفەتە و لێدان لە پرسی کورد.

ب.گ

Comments are closed.