ڕاگەیاندنی ئازاد: سەید ئەڤرەن بوو بە مەشخەڵ و میراتێکی گەورەی بەجێهێشت

ناوەندی هەواڵەکان

یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد لە کۆنگرەیەکیی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەید ئەڤرەن یادەوەری ٣٠ـی ساڵی ڕاگەیاندنی ئازادبوو، وەک دەیان شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد بوو بە مەشخەڵێک و میراتێکی گەورەی لە دوای خۆی بە جێهێشت.

ئەمڕۆ لە  بەردەم ناوەندی چاند و هونەری محەمەد شێخۆ، یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، لە بارەی شەهیدبوونی سەید ئەڤرەن ڕۆژنامەنووس و نووسەر و شۆڕشگێڕی کورد، تێیدا ڕاگەیاندراوێکیان خستەڕوو.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

کۆڵەکەیەکی دیکەی ڕاگەیاندنی ئازادیی کوردستان کۆچی دوای کرد، ئێمە هاوڕێی ڕۆژنامەنووس، نووسەر و شۆڕشگێر سەید ئەڤرەنمان لە ٢٢ـی ئەیلولی ٢٠٢٣دا لە دەستدا، هەڤاڵمان ماوەیەکی زۆر بوو گیرۆدەی نەخۆشی بوو، لەو نەخۆشخانەیەی چارەسەری بۆ دەکرا، شەهید بوو.

ئەو یادەوەری ڕاگەیاندنی ئازادیی ٣٠ ساڵی ڕابردوو بوو، لە سەر ڕێگەی شکۆ و پەیوەستبوون بوو بە ڕێبوارێکی نەسرەوتوو، بە پێداگرییەکی زۆرەوە بۆ تێکۆشان هەموو ئەو ئاستەنگ و لەمپەر و تەنگوچەڵەمانەی دەهاتنە بەردەمی ڕایدەماڵی و بە هەڵوێست، جموجوڵ و پێنووسەکەی لە لاپەڕەکانی ڕاگەیاندنی ئازاددا جێگەیەکی زۆری داگیرکردووە.

هەڤاڵ سەید هەموو ژیانی خۆی خستە خزمەت تێکۆشان، ڕاستی شەڕ و بەرخودان لە وڵاتەکەی، بە ڕێپێوانی شەو و ڕۆژی خۆی زۆر قۆناغی گرنگی بڕی و ڕاستی ئەو جوگرافیایەی خستە بەرچاو.

هەڤاڵ سەید جەنگاوەرێکی پێشەنگی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئازاد بوو، لە چوار پارچەی کوردستان بە پێنووسەکەی ڕاستی کۆمەڵگای کورد و تێکۆشانی ئازادیی بۆ هەموو جیهان گواستەوە.

سەید ئەڤرەن بە ناوی ڕاستەقینەی سەید محەمەد ئەڤرەن ساڵی ١٩٦٩ لە ناوچەی هێنێی ئامەد لە دایکبووە و لە ناو بنەماڵەیەکی هەڵگری نەریتی سەرهەڵدانی شێخ سەعیددا گەورە بوو.

لە هەڕەتی لاوێتی و سەردەمی خوێندکاریدا تێکۆشانی ئازادیی ناسی و لە ناو ڕیزەکانیدا بەشدار بوو، ئەوکاتەی لە زانکۆی چوکورۆڤا دەیخوێند، یەکێک لە پێشەنگەکانی ڕاگەیاندنی ئازاد و شۆڕشگێڕ غوربەتلی ئەرسۆزی ناسی کە لە هەمان زانکۆ دەیخوێند، لە ڕێگەی ئەو ناسینەوە دەبێتە خوێندکارێکی غوربەتلی ئەرسۆز و ئەزموونی گرنگی لێوە فێردەبێت.

هەڤاڵ سەید بەو خواست و جۆش و خرۆشەوە لە ساڵی ١٩٩٠ لە هەوارگەی سەرهەڵدان و بەرخودان، لە ئامەدەوە، بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان دەبێت، بەرپرسیارێتی مێژوویی پڕ ئازار و مەینەتی وڵاتەکەی دەخاتە سەرشانی، هەر بۆیەش بەو زانابوونەوە دەجوڵێتەوە و لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە دەست بە خەباتی ڕاگەیاندن دەکات.

لە دژوارترین کاتەکاندا کە لە باکووری کوردستان هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد هەڵکشابوون، گوندەکان دەسووتێنران، ڕۆژنامەنووسان لە سەر شەقامەکان دەکوژران، هەروەها بە هەزاران کەسایەتی پێشەنگ زیندانی دەکران و دەکوژران، هەڤاڵ سەید لەگەڵ هەڤاڵانی خۆی بە بێ دوودڵی کاری دەکرد و ڕاستی بۆ جیهان دەگواستەوە، لەو ڕێگە دژوارەدا چەند جار لەلایەن داگیرکەرانەوە زیندانی دەکرێت.

کاتێک بارەگای ڕۆژنامەی ئۆزگور ئولکە، لە ئیستەنبووڵ و نووسینگەکانی لە ئەنقەرە و ئامەد، لە ٣ـی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ـدا لە شەودا تەقێنرانەوە، هاوڕێ سەیدیش لە ناوەندی گشتی ڕۆژنامەکە، وەک بەرپرسیاری دەستەی نووسین ئەرکداربوو، لەو هێرشەدا لەگەڵ ٢٣ هەڤاڵی برینداربوو.

لەو کاتەدا کە خەڵک دەترسا ڕۆژنامە بخوێنێتەوە، ئەو بە بێ دوودڵی ئەو کارەی بەڕێوە دەبرد، لە پێناو ئەوین و ئەشقی ڕاستی و ئازادیدا زۆر جار ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە.

لە چوارچێوەی ئەرکی ناسین و ناساندنی ڕاستی وڵاتەکەی، دوای ماوەیەک ڕوودەکاتە چیاکانی کوردستان و بە پێنووسەکەی ڕاستی تێکۆشانی ئازادیی دەگێڕێتەوە، لە سەر ڕێچکەی پێشەنگەکانی وەک غوربەتلی ئەرسۆز لە چیا ئازادەکان بۆ چەندین ساڵ لە ژیان و تێکۆشانی گەریلایەتی کۆڵییەوە و بۆ گەلی کورد و جیهانی باسکرد، هەروەها لە سەر بابەتە ئەکادیمی، مێژوویی و وێژەییەکانیش بە دەیان نووسین ئامادە دەکات و دەستی باڵای هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی ئەرشیفی ڕاگەیاندنی ئازاددا، گەشتی خۆی لەو پێناوەدا بە ناوی “گەشتێک بەرەو کەناری ژیان” دەکاتە پەرتووک.

هاوڕێ سەید نەک هەر لە کوردستان و چیاکانی، لە زۆر وڵاتیشدا کە کورد تیایدا دەژین، ئەرکی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبردووە، لە وڵاتانی پێشووی سۆڤییەت، ئەرمینیا و ڕووسیا لە سەر دۆخی کۆمەڵگای کورد لەو ناوچانە و کەسایەتییە ناودارەکان لێکۆڵینەوەی کرد، بەڵام بەوەش قایل نابێت، لە هەر جوگرافیایەکی کوردستان کە جموجۆڵی شۆڕشگێڕیی تێدا بێت ڕوودەکاتە ئەوێ.

کاتێک ساڵی ٢٠١٢ لە ڕۆژئاوای کوردستان، شەپۆلی شۆڕش بەرزبووەوە، هەڤاڵ سەیدیش ڕوودەکاتە ئەو خاکە، لەلایەکەوە ڕاستی شۆڕش دەگێڕێتەوە و دەنووسێت، لەلایەکیشەوە لە دامەزراندن و داڕشتنی خەباتی ڕاگەیاندندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، لە دێرکەوە تا عەفرین لە تەواوی جوگرافیای هەرێمەکە هەنگاو بە هەنگاو دەگەڕێت، چاودێریی قۆناغەکانی شۆڕش دەکات و بە دەیان خوێندکار پەروەردە دەکات، بەو خەباتەیەوە دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکە و پایەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ڕاگەیاندنی شۆڕش.

هەڤاڵ سەید ئەڤرەن کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـوە ململانێی لەگەڵ نەخۆشی و کێشەی تەندروستی دەکرد، دوو جار تووشی جەڵدە و وەستانی دڵ ببوو، هەر بۆیە بە ناچاری چەندین جار نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە، سەرباری کێشەی تەندرووستیش، بێ وەستان خەباتی خۆی بەڕێوەدەبرد و بە هیچ جۆرێک جۆش و خرۆشی کەمی نەدەکرد.

لەم دواییەدا جارێکی تر نەخۆشییەکەی سەریهەڵدایەوە و دۆخی تەندرووستیی تێکچوو، هەربۆیە لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێریی تەندرووستییەوە، بەڵام بەداخەوە سەرباری هەموو هەوڵەکانیش، سەر لەبەیانی ٢٢ـی ئەیلول دڵی وەستا و ژیانئاوایی کرد.

هەڤاڵ سەید ئەڤرەنیش وەکو تێکۆشەرانی ڕاگەیاندنی ئازاد وەک ئاپێ موسا، غوربەتلی ئەرسۆز، خەلیل داغ، نوژیان ئەرهان، دەنیز فرات، دلشین ئیبیش و بە دەیان شەهیدی دیکەی ڕێگەی ڕاستیی و ئازادیی بوو بە مەشخەڵێک، کە ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەمانە، میراتێکی گەورەی بۆ ڕێبوارانی ڕێگەی ڕۆشنگەریی بەجێهێشتووە، ئێمەش وەکو ڕێبوارانی شەڕڤانانی پێنووسی ئازاد بەڵێنی گوڕدان بە بەرفراوانکردنی ئەم تێکۆشانی ڕاستییەی دەدەین، ڕێگەی ئەوان بەردەوام ڕووناکی و زاناییمان پێدەبەخشێت.

ب. ق

Comments are closed.