ناوەندی هەواڵەكان
بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕێژەی تاوانەكان بە شێوەكی گشتیی لە ناوڕاست و باشووری وڵات زیادی كردووە، كە هەندێكیان بە هۆی کێشيی ئابوورییەوەیە و هەندێكیشان بە هۆی دەمارگیریی خێڵەكییەوەیە، بە جۆرێک ساڵانە لە هەر ٢٠٠ هەزار كەسێک ٢٣ کەس دەکوژرێت.
بەرپرسانی ئەمنیی و پەرلەمانتارانی عێراق لە بارەی زیادبوونی ڕێژەی تاوانەكان لە ناوڕاست و باشووری عێراق و هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی ئەو تاوانانە، بە جیا ڕاگەیاندراویان بڵاو كردەوە.

خالد موحەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردوەتەوە، بە پێی هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەكانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو تاوانانەی لە شارە جیاجیاكاندا تۆمار كراون، بە هۆی کێشەی ئابووریی و دەمارگیریی خێڵەكییەوە بوون، دەزگاكانی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامن لە ئەركەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانباران.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە هەموو شارەكانی عێراق ڕێكاری تووند بەرامبەر بە تاوانباران گیراوەتەبەر، هەروەها هەر دەزگایەكی ئەمنیش كەمتەرخەم بێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت، لەم دواییانەدا ڕێژەی تاوانەكان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق زیادی كردووە، بە تایبەتی تاوانی كوشتن بووەتە دیمەنێكی باوی ڕۆژانە، ئەمەش وا دەكات عێراق لە ڕیزبەندی سەرەوەی ئەو وڵاتانەدا بێت، كە كوشتنی تیادا بەربڵاوە.
بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا عێراق زۆرترین ڕێژەی كوشتنی تێدا تۆماركراوە، ساڵانە لە هەر ٢٠٠ هەزار كەسێک ٢٣ کەس دەکوژرێت، ئەمەش بەرزترین ڕێژەی كوشتنە لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی.
لە باشووری عێراق، تاوانەكانی كوشتن بە زۆری لە ناو خێزانەكاندا سەریهەڵداوە، لە ژێر ناوی “شەرەف”، واتە ئەگەر خێزانی كچێك بزانن كچەكەیان پەیوەندی لەگەڵ كوڕێكدا هەیە، لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەفدا دەیكوژن.

ئەحمەد مووسەوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا دەڵێت، لە ماوەكانی ڕابردوودا لە هەندێك شار ژمارەی كوشتن یان دزی و تەنانەت ساختەكاریی ڕووی لە زیادبوونە، ئەمە جگە لەوەی كە تەرمی نەناسراو دەدۆزرێتەوە، ئەمەش نیشانەیەكی مەترسیدارە بۆ دەزگا ئەمنییەكان.
ئاماژەی بەوەش كرد، لیژنەكەیان لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا كاردەكات، بۆ بانگهێشت كردنی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانە جۆراوجۆرەكان، هەروەها جەختی لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست كردەوە بۆ كەمكردنەوەی ئەو تاوانانە.
ساڵی ڕابردوو ڕێكخراوێكی ناوخۆیی ئاشكرای كرد، ڕێژەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە عێراق لە ٤٠٪ـی تێپەڕاندووە، هەروەها زۆرترین ڕێژەی ئاڵوودەبووان ئەوانەن كە تەمەنیان لە نێوان ١٧-٢٥ ساڵدایە.
هـ.ئ
Comments are closed.