هاوڵاتییان: دەبێت سیخووڕ و خیانەتکارانی ناوخۆ بدرێنە دادگا

هەرێم قادر

هاوڵاتییانی هەڵەبجە لە بارەی داگیرکاریی دەوڵەتی تورك و خیانەتی پەدەکەوە دەڵێن: دەبێت ئەو كەسانەی سیخوڕیی بۆ داگیركەران دەكەن دەستگیربكرێن و بدرێنە دادگا، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەوانە خیانەتكارن لە خاك و نیشتیمان، داواش دەکەن، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک ڕابگیرێت.

ئەیوب سلێمان
ئەیوب سلێمان

ئەیوب سلێمان لەمبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: بۆردوومانەكانی توركیا بە هەموو جۆرێك پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و سیادە و خاكی هەرێمە، جێگەی داخە حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە فشارێكی تەواو لەسەر دەوڵەتی تورك درووست بكات تاوەكوو بتوانێت بۆردوومان و هێرشەكانی بۆ سەر هەرێم ڕابگرێت.

وتیشی: پێویستە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی بەغداوە فشار بكات بۆ ڕاگرتنی ئەو بۆردوومانانە، چونكە دەوڵەتی تورك جیاوازی ناكات و خەڵكی مەدەنی بۆردوومان دەكات و دەیانكاتە بەقوربانی و شەهید دەبن، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی تەواوی خەڵكی كوردستان، ئەمن و ئاسایشی كوردستان خراوەتە مەترسییەوە.

باسی لەوەشكرد، جێگەی داخە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان بەرپرسیاری ئەم دۆخەن، دەبینین دەزگای میتی تورك چەندین بنكەو بارەگایان هەیە لە كوردستان بە تایبەت لە زۆنی زەرد، ئەمانە مەترسین بۆ سەر ژیانی خەڵكی كوردستان، كاریان سیخوڕیی كردنە بە سەر خەڵكی كوردستانەوە، بەهۆی سیخوڕی ئەو دەزگایانەوە ڕۆژانە خەڵك دەكرێتە قوربانی، ئەوەش بە چاوساغی لایەنێكی ناوخۆیی بۆ دەوڵەتی فاشیستی تورك، ئەوانە مێژوویەكی ڕەش بۆ خۆیان تۆمار دەكەن.

فەرحان حەسەن
فەرحان حەسەن

فەرحان حەسەن هاوڵاتییەكی تر دەڵێت: ئێمە بە هەموو جۆرێك نیگەرانین لە بۆردوومانكردنی فڕۆكەخانەی عەربەت، ئەم بۆردوومانانە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر قەواری هەرێم، پێویستە حكومەتی هەرێم و عێراق چاو بە پەیوەندییەكانیان بخشێننەوە لەگەڵ توركیا، بە هیچ جۆرێك قەبوڵی ئەو بۆردوومانانە نەكەن.

دەشڵێت: بۆردوومانەكان گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئەمنییەتی كوردستان، پێویستە بە هەموو جۆرێك لۆمەی بكرێت، ناكرێت سێ‌ ڕۆڵەی ئەم وڵاتە لەسەر خاك و ئاوی خۆیدا شەهید بێت هەر بێدەنگی هەڵبژێرن، ئەم بێدەنگییە نیشانەی پرسیار لەسەر حكومەت.

ئەو كەسانەشی دەستیان لەگەڵ دوژمن تێکەڵە و سیخووڕییان بۆ دەكەن خیانەتكاری مێژوون

بەشدار دەلۆ
بەشدار دەلۆ

هەر لەم بارەیەوە بەشدار دەلۆ بە ڕۆژنیوزی وت: ئەو هێرشانە هێرشی تیرۆریستییە پێویستە ئیدانە بكرێت، لە ئاستی نێودەوڵەتی ڕێگریی لێبکرێت، ئەو كەسانەشی دەستیان لەگەڵ دوژمن تێکەڵە و سیخووڕییان بۆ دەكەن خیانەتكاری مێژوون، پێویستە دەستگیربكرێن و دادگایی بكرێن، بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت  ئەمانە خیانەتكارن لە خاك و نیشتیمان.

ب.گ

Comments are closed.