چالاکیی “باڵیۆزخانەی جیهانێکی نوێ: کوردستان” کۆتاییهات

ناوەندی هەواڵەکان

چالاکیی “باڵیۆزخانەی جیهانێکی نوێ: کوردستان” لە شاری لۆزان ، بە چەندین پەیامی گرنگەوە لە دوای دوو ڕۆژ کۆتاییهات، کە تێیدا سیستمی خۆبەڕێوەبەریی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بەرباس درا.

ئەمڕۆ چالاکیی هونەریی و کەلتووریی و سیاسیی بە ناوی “باڵیۆزخانەی جیهانێکی نوێ: کوردستان”، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر هونەرمەند، سیاسەتمەدار و ئەکادیمیسیان لە وڵاتانی جیاجیاوە لە شاری لۆزانی سویسرا، لە دوای دوو ڕۆژ و پێشکەشکردنی سێ وۆرکشۆپ و کۆڕبەندی جیاجیا کۆتایی بە کارەکانی هێنرا.

چالاکییەکە بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە و پڕۆژەی هونەرمەندی هۆڵەندی جۆناس تاڵ لە شانۆی ڤیدی لۆزان بەڕێوەچوو، لە زۆر وڵاتەوە بە دەیان میوان بەشداربوون و لە دوو ڕۆژدا پرسی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک خرایە بەرباس و گەنگەشە کرا.

ڕۆژی دووەم بە ئەنجامدانی سێ وۆرکشۆپی جیاجیا لە کاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانییەوە دەستیپێکرد.

ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداغی لەسەر بابەتی ژنۆلۆژی، لە کۆتدیڤوارەوە چالاکوان ئاهمەدنا عەبدی مبارەک لەسەر خۆپاراستن لە کۆتدیڤوار و هونەرمەند و توێژەر مەروا ئارسانیۆس لە لوبنانەوە، لەسەر بابەتی سیاسیی و هونەریی سیمیناریان پێشکەش کرد.

لە دوانیوەڕۆشدا بە بەشداری ڕۆژین موکریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاهمەدنا عەبدی مبارەک و مەروا ئارسانیۆس وۆرکشۆپێک بە ناونیشانی ” کەلتوورەکانی پاڵپشتی” سازکرا.

ڕۆژین موکریان باسی لە مامەڵەی دەسەڵاتەکانی ئێران هەر لە پەهلەوییەوە تا دەوڵەتی ئێستای ئێران بەرامبەر بە کوردەکان کرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بە سەرهەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ کرد.

کۆتا وۆکشۆپیش لەسەر ‘کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک’ بوو.

دواتریش بەشداربووان لە دەوری مێزێک، کە نەخشەی کوردستانی لەسەر بوو کۆبوونەوە و درووشمی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’یان وتەوە و چالاکییەکەیان کۆتای پێهات.

ب. ق

Comments are closed.