ناوەندی هەواڵەکان
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تای خوێنبەربوون زیاتر بەرزبووەتەوە و تەنھا لە ھەفتەی ڕابردوودا ١٢ حاڵەتی نەخۆشییەکە تۆمارکراون، بەڵام بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانى عێراق ئاماژە بە ژمارەیەکى زیاتری تووشبووان دەکەن.
ریازعەبدول ئەمیر، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانى ڕاگەیاندوە، توشبوون بە تای خوێنبەربوون تا ئێستا بەردەوامە و ھۆکارەکەشی جۆرە مێرووێکە کە بە گیانی ئاژەڵانەوەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ئاماژەى بەوە کردوە، پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ کێشەی ئەم مێرووانە چارەسەر بکات و ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەری بگرێتە بەر، چونکە بەشێک لە چارەسەرەکان لەلای ئەو وەزارەتەیە.
هەروەها ئەمیر باسی لەوە کردوە، بەھۆی زۆری حاڵەتەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکە لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێناوە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە.
لەلایەکی دیکەوە بە پێی هەندێک ئاماری دیکە ڕۆژانە دوو بۆ سێ حاڵەتی نەخۆشییەکە تۆمار دەکرێت و تەنھا لە ھەفتەی ڕابردوودا ١٤ حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە، بەڵام لە ئامارێکی دیکەدا بڵاوکراوەتەوە نزیکەى ٣٠ حاڵەتى خوێنبەربوون هەبووە، بەڵام وەزارەتى تەندروستى عێراق پشتڕاستى نەکردوەتەوە.
هـ.ح
Comments are closed.