لیرەى تورکى بەرامبەر دۆلار هاڕەی کرد

ناوەندى هەواڵەکان

دواى هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان بۆ پۆستى سەرۆکایەتى تورکیا دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی جیهاندا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر دوو هەزار و ٧٢١ لیرە مامەڵەی پێوە کراوە.

ئەمڕۆ دابەزینى بەهاى لیرەى تورکى لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکیی ئاستێکى پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارێکى ئەمریکىی بەرامبەرە بە دوو هەزار و ٧٢١ لیرەى تورکیی.

لە مێژووی دراوی تورکییدا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بە خۆیەوە دەبینێت لە ماوەکانى ڕابردووشدا بانكی ناوەندی توركیا چەندین ڕێكاریان بە مەبەستى ڕێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرە گرتەبەر، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهاكەی خۆی لە دەست دەدات.

ئەم دابەزینە لە دوای ئەوەوە دێت، کە ڕۆژى ٢٨ــى مانگى ئایارى ئەمساڵ ئەردۆغان جارێکی تر بە سەرۆکى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، وەک شارەزایانى بواری ئابوورییش پێشبینیان کردبوو، نرخى لیرەى تورکى بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینی و لە داهاتووشدا بەهۆى خراپى سیاسەتەکانى ئەردۆغانەوە بەهاى لیرە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی زیاتر لەدەست دەدات.

ئـ.م

Comments are closed.