حکومەتى هەرێم وەڵامی ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ ناداتەوە

هەڵەبجە

ژمارەی مامۆستایانى وانەبێژ لە وەزارەتى پەروەردە ژمارەیەکى کەم نییە و بە بایکۆتکردنیان دەتوانن زیان لە کەرتى پەروەردە بدەن، بۆیە ئەوان چەندین ساڵە داوای دامەزراندن و بە هەمیشەیی بوونى کارەکەیان دەکەن، بەڵام حکومەتی هەرێم نە دایاندەمەزرێنێت و نە شایستە داراییەکانى خۆیان لە کاتى خۆیدا پێ دەدات، مامۆستایانیش دەڵێن: ئێمە كۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین لە بایكۆت و خۆپیشاندان تاوەكوو حكومەت وەڵاممان بە دامەزراندن دەداتەوە.

مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان ٣٥ هەزار مامۆستایە و کۆی پارەکانیان بە لایەنى زۆرەوە لە نێوان چوار بۆ پێنج ملیار دینارە، بەڵام ئەوان ماوەی نزیکەى ١٠ ساڵە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و بایکۆت دەکەن و داوای دامەزراندن و مووچەکانیان دەكەن، بەڵام وەک هەمیشە حكومەت گوێ بە داواكارییەكانیان نادات.

ماوەى ١٠ ڕۆژە پڕۆسەى خوێندن دەستی پێکردووە، مامۆستایانى وانەبێژ وەک مامۆستایانی دیکەى هەمیشەیی بایکۆتى ناوەندەکانى خوێندنیان کردووە و داوای دامەزراندن و مووچەکانیان دەکەن، بەشێک لەو مامۆستایانە لە ڕێگەى مایکی ڕۆژنیوزەوە داواکاریی خۆیان ئاڕاستەی وەزارەتى پەروەردە و حکومەتى هەرێم دەکەن و داوای بەدەمەوەچوونی داواکارییەکانیان دەکەن.

هاوژین لەتیف
هاوژین لەتیف

هاوژین لەتیف، مامۆستای وانەبێژ بۆ ڕۆژنیوز وتی: ماڵ و منداڵمان هەیە حاڵمان هەتا بڵێی خراپە، داوا لە حكومەت دەكەم ئاوڕێك لە وانەبێژان بداتەوە داواكارییەكانمان ئەوەندە قورس نییە نەتوانێت دامانبمەزرێنێت، لە جێگەی بندیوارەكان با ئێمەی مامۆستا دابمەزرێنێت.

ئەو مامۆستایە ئاماژەى بەوەش کرد، دەرچووی ساڵی ٢٠١١ و بە سێ مانگ مووچەکەیان پێ دەدرێت كە بڕەكەی تەنها ٤٠٠ هەزار دینارە، وەک خۆی دەیڵێت: بەشێكی زۆریشی دەدەین بە كرێی هاتووچۆ، زۆرجار كرێیەكەش قەرز دەكەین تاوەكوو مووچەكەمان پێدەدەن، حاڵی وانەبێژ هەتا بڵێی خراپە، پەروەردەش بە هیچ جۆرێك بەم شێوەیە ناڕوات بەڕێوە.

هاوژین لەتیف داوا لە حكومەت دەکات هەروا لە دوورەوە سەیری دۆخی مامۆستایان نەکات و قسەكانی بكات بە كردار بە فەرمی دایانبمەزرێنێت، جەختیش دەکاتەوە، وەک مامۆستایانی وانەبێژ بە هەموو پێوەرێك مافی خۆیانە بکرێنە مامۆستای هەمیشەیی.

دەریا حەیدەر
دەریا حەیدەر

دەریا حەیدەر مامۆستایەكی دیكەی وانەبێژە و دەڵێت: ئێمە تەنها داوای مافێكی خۆمان دەكەین ئەویش دامەزراندنمان شتێكی ئەوتۆ نییە لەسەر حكومەت قورس بێت داواكارییەكەمان، مامۆستا هەیە ١٠ ساڵە وانەبێژە، خوێندكارەكەی خۆی ئێستا بە هەمان شێوە لەگەڵی بووە بە مامۆستای وانەبێژ هێشتا دانەمەزراوە.

ئەو مامۆستایانە باسی كێشەو گرفتەكانی خۆی كرد و وتی: ئێمە لە لادێیەك دەوام دەكەین، هیچ بەرپرسێك ئامادە نییە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی بدات لەو ڕێگا دوور و ناخۆشە، بەڵام ئێمە ڕۆژانە هاتووچۆی پێدا دەكەین، داواكارییەكەشمان ئەوەندە قورس نیە بۆمان جێبەجێ ناكەن، كۆڵ نادەین تاوەكو حكومەت داماندەمەزرێنێت.

بە وتەى ئەو مامۆستایە ئەوە سێ‌ مانگە فەرمانبەران موچەیان وەرنەگرتووە، حاڵی مووچەخۆران هەمووی زۆر خراپە و حكومەتداریش بەمجۆرە لە كوردستان بەڕێوە نابرێت.

سەحەر عومەر
سەحەر عومەر

سەحەر عومەر مامۆستایەكی دیكەی وانەبێژە و باس لەوە دەکات، ئەگەر كەسێك حاڵ و گوزەرانی باشی هەبێت نایەتە سەر شەقام خۆی پیشانبدات، بۆیە دەڵێت: داوای شایستەی دارایی ناكەین پێمان بدەن تەنها و تەنها داواكاریمان دامەزراندنە، كۆڵیش نادەین و بەردەوامین لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

لە ساڵی ٢٠١٤ وە دامەزراندن لە سەرجەم وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم ڕاگیرا، وەزارەتى پەروەردەش یەکێکە لەو وەزارەتانەى زۆرترین فەرمانبەری هەیە کە مامۆستایان زۆرینەى پێکدەهێنن، مامۆستایانى وانەبێژ ژمارەیان لە سەروو دوو ٣٥ هەزار مامۆستاوەیە، هەیانە نزیکەى ١٠ ساڵە وانەبێژە و تا ئێستا دانەمەزراون.

هـ.ح

Comments are closed.