ناوەندی هەواڵەکان
دەقی ئەو نامانە بڵاو دەکرێتەوە، کە ژنان لە سەرانسەری عێراقەوە ناردوویانە بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان، لە نامەیەکدا هاتووە، “ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ کلیلی ئاشتییە، بۆیە بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”، بانگەوازیی ئازادیی بۆ ڕێبەری گەلی کورد بڵند دەکەم.”
لە ڕۆژی ١١ـی نیسانی ئەمساڵ، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کەمپەینی “مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئۆجالان”، هەڵمەتێکی نامە ناردنی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاند و بانگەوازیی لە هەموو ژنانی ئازادییخواز، بە تایبەتی ژنانی باشوور کرا، کە بەرامبەر بەو تاوان و گۆشەگیرییە سەختەی سەر ڕێبەر ئۆجالان بێدەنگ نەبن، چالاکانە بەشداری کەمپینەکە بن.
هەر بۆیە ژنان و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە پێشوازییان لەو بانگەوازییە کرد و نامەکانیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کردووە، لێرەوە ناوەڕۆکی بەشێک لەو نامانە بڵاو دەکەینەوە.
مەعسوومە ئیبراهیم، ژنێکی ئازادییخوازی باشووری کوردستان بەشداریی لە هەڵمەتی “مافی هیوا بۆ ڕێبەر ئۆجالان”، کردووە و لە نامەکەیدا نووسیوییەتی، “تا هەڵگرتنی گۆشەگریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، پێدانی مافی هیوا، خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامی دەبێت، چوونکە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ کلیلی بەرقەرارکردنی ئاشتیی و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.”
مەعسوومە ئیبراهیم لە سەرەتادا نامەکەی ئاڕاستەی هەموو ڕێکخراوەکانی جیهان کردووە، کە خۆیان وەک داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ ناساندووە، بە تایبەت دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە چیتر لە ئاست ئەو ستەم و نادادییەی بەرامبەر ڕێبەری گەلێک دەکرێت بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی پیشەیی و مرۆڤانەی خۆیان نیشان بدەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “دەوڵەتی تورک گشت جاڕنامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و سەرجەم یاساکانیشی پێشێل کردووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ توندتر دەکاتەوە، وەڵامی داواکارییە یاساییەکانی بنەماڵە و پارێزەرەکانیش ناداتەوە، کە بۆ بینین و ئاگاداربوون لە دۆخی بەڕێزیان پێشکەشی دەکەن.”
هەر بۆیە داوا لە یۆنامی، نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە مەدەنییە جیهانییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات، “پاش ٢٥ ساڵ زیندانی کردن و زیاتر لە دوو ساڵ سەپاندنی گۆشەگیریی توند، چیتر بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبن لە ئاست ئەو نادادیی و تاوانە مرۆڤایەتییەدا.”
لە کۆتاییشدا دەڵێت: “گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئۆجالان شەرمەزار و مەحکوم دەکەم، دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی هەموو ژنێکی ئازادییخواز و بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادیی”، بانگەوازیی ئازادیی بۆ ڕێبەری گەلی کورد بڵند دەکەم.”
ش. ئـ
Comments are closed.