تاڵیبان چۆن ئەفغانستانی کردووە بە دۆزەخی ژنان؟

ناوەندی هەواڵەکان

٢٧ ساڵ بەر لە ئێستا، چەکدارانی تاڵێبان بۆ یەکەم جار دەستیان گرت بەسەر ئەفغانستاندا و سیاسەتی توندڕەویی و ڕەشی خۆیان ڕاگەیاند، کە دژایەتی کردنی ژنان و زەوتکردنی ئازادییەکانیان ئامانجی لە پێشینەیەتی.

سیاسەتی توندڕەویی تاڵیبان، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر دژبەرایەتی ژنان و ئازادییەکانیان داڕێژراوە، بۆ یەکەم جار لە ٢٧ـی ئەیلوولی ١٩٩٦ دەستی گرت بەسەر حکومەتی ئەفغانستاندا، سەرەتا بۆ ژنان و پاشانیش بۆ تەواوی کۆمەڵگە، دۆزەخێکی درووست کرد.

“تاڵیبان” چۆن درووست بوون؟

دوای جەنگی یەکێتی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان چەندین هێزی چەکداری دژی سۆڤیەت درووست بوون.

لەگەڵ کشانەوەی سۆڤیەت ئارامی لە وڵات هەڵگیرا و سەقامگیریی بوونی نەمابوو، بۆیە لە ساڵی ١٩٩٢ کەسێک بە ناوی “مەلا محەممەد عومەر” ڕایگەیاند کە دژی “فەسادی ئەخلاقیی” و ئەو دۆخە خراپەی وڵاتی تێدایە دەوەستێتەوە.

بۆیە لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٩٤ لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ٥٣ خوێندکاری خوێندنگە ئاینییەکەی “مەلا محەممەد عومەر” یەکەم شانەى “تاڵیبان” لە ویلایەتی قەندەهار لە سنووری وڵاتی پاکستان پێکهێنرا و زیاتر فراوان بوو.

دوای داگیرکردنی قەندەهار، لە ٥ـی ئەیلوولی ١٩٩٥ تاڵیبان هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا و هێزەکانی ئیسماعیل خان لە شاری هیرات، لە زستانی هەمان ساڵیش هێرشی کردە سەر کابولی پایتەخت و گەمارۆی شارەکەی دا.

بەهۆی ئەوەشەوە هەریەک لە دوو سەرۆک بورهانەدین ڕەبانی و غەلەبەدین حکمتیار ئاشتییان بەرامبەر یەک ڕاگەیاند، کە پێشتر لە جەنگدابوون دژی یەکتری، و یەکیان گرت دژی تاڵیبان، لە ٢٦ـی ئەیلوولی ١٩٩٦ هەردوو سەرۆک شاری کابولیان جێهێشت و بەرەو باکوور هەڵهاتن.

ڕۆژێک دواتر تاڵیبان شاری کابولی گرت و ئیماڕەتی ئەفغانستانی ئیسلامی دامەزراند.

دوورخستنەوەی ژنان لە کۆمەڵگە و زەوتکردنی مافەکانیان

پێش هاتنی تاڵیبان، سەرباری هەبوونی ئاڵۆزیی سیاسیی و جەنگ، بەڵام ژنان نە لە کۆمەڵگە دوورخرابوونەوە، نە مافەکانیان لێ سەندرابوو، ئازادییەکی زۆریان هەبوو، لە سەرجەم بوارەکاندا جێدەست و تواناکانیان نیشاندا بوو، بەشدارێکی کارای ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی وڵات و جیهان بوون.

بەڵام هەر بە هاتنی تاڵیبان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ تا ٢٠٠١، بە هەموو شێوازێک ژنان چەوسێندرانەوە، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێ بەش کران وەک خوێندن، کارکردن، چوونەدەرەوە لە ماڵ بەبێ ئەندامێکی پیاو، دەرکەوتنی ڕووخسار، بەشداریی لە سیاسەت و دەربڕینی ڕا و بۆچوون قەدەغە بوون.

دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی تەندرووستی بۆ ژنان بابەتێکی تا ئاستی خەیاڵ ئەستەم بوو، چوونکە لە ژنان قەدەغە کرابوو کاری پیشەیی بکەن، حەرام بوو پزیشکی پیاو چاودێرییان بکات، لایەنی چاودێریی تەندرووستی پێویست بە تەواویی داڕووخاو بوو.

پیاوان مافداربوون بە ئەنجامدانی توندوتیژیی، ئازادبوون لەوەی لە ژنان بدەن و بیانکوژن و هیچ سزایەکیش بۆ ئەوان نەبوو، تەنانەت کاتێک ژنان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی  و جۆرەکانی تری توندوتیژیی دەبوونەوە، لە کۆتاییدا بە ‘تاوانی ئەخلاقی’ و زینا تۆمەتبار دەکران و زۆر جاریش تا مردن بەردباران دەکران.

ئەو پیاوانەشی بەرگرییان لە مافی ژنان دەکرد یاخود ئازادییان دەدا بە ژن و کچەکانیان، مەترسیی لەسەر ژیانیان درووست دەبوو و لە ئەگەری ئاشکرابوونیشیان لەبەرچاوی خێزانەکانیان گوللـەباران دەکران.

ئێستا چی ڕوو دەدات؟

ئێستاش پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دووبارە باڵا دەستبوونەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، بە هەمان شێوە ژنان لە سەرجەم کایەکانی ژیان دوور خراونەتەوە، خوێندن و کاری حکومیی و سەربەخۆ و تایبەتیان لێ قەدەغە کراوە.

کۆبوونەوەی ژنان، چوونە پارک، بەشداریی لە هۆڵەکانی وەرزش، هونەر، تەلەفزیۆن و سیاسەت و حکومەتیش دووبارە قەدەغەیە، دەستدرێژیی بۆ سەر منداڵان و بەشوودانی منداڵی کچ ئاساییە.

ئەمەش لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە پیاوسالارییە توندڕەوە ئیسلامییەی تاڵیبانە، کە سەرجەم بڕیار و هەنگاوەکانی دژایەتی ئازابوونی ئیرادەی ژنانە، بەو شێوەیەش دەتوانێت بە ئاسانتر تەواوی کۆمەڵگەی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات.

چوونکە باش لەو ڕاستییە تێگەیشتوون هەبوونی ژنی ئازاد و خاوەن ئیرادە، واتە درووستبوونی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ملکەچ نەبوو.

ڕەشبگیریی  و کوشتنی ژنانی چالاکوان و داکۆکیکاران لە مافەکانی ژنان سەریهەڵداوە، بەڵام نەبووەتە هۆی کپ کردنی دەنگی ژنان و ڕاوەستانیان لە تێکۆشان بۆ ئازادیی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان.

ش. ئـ

Comments are closed.