“بۆ ئەوەى چیتر نەبینە قوربانی پێویستە دەستى خیانەتى ناوخۆیی ببڕین”

کەرکووک

هێرشە داگیرکارییە بەردەوامەکانى دەوڵەتى داگیرکەری تورک لەناو گەلی کورد زۆرترین کاردانەوەى بەدوای خۆیدا هێناوە و سەرەڕایی شەرمەزارکردنى هێرشەکان، داوای یەکڕیزی و یەکگرتوویی کوردان و کۆتاییهێنان بە خیانەتى ناوخۆیی دەکەن، لە کەرکووکیشەوە توێژەکانى ئەو شارە دەڵێن: بۆ ئەوەى چیتر ڕۆڵەکانى گەلی کورد نەبنە قوربانی پێویستە دەستى خیانەتى ناوخۆیی ببڕین.

دەوڵەتى داگیرکەری تورک بە هاوکاری خیانەتکارانى ناوخۆیی لەناو هەرێمی کوردستان هێرشەکانى لە هەموو لایەکەوە چڕ کردووەتەوە، نوێترینیان تیرۆرکردنەکەى دەنیز جەودەت نوێنەری کۆنگرەى نەوەیی کوردستان-کەنەکە و هێرشی سەر فڕۆکەخانەى کشتوکاڵی عەربەت بوو کە شەش قوربانی لێکەوتەوە.

ئەحمەد مەلا
ئەحمەد مەلا

ئەم هێرشانە زۆرترین کاردانەوەى لەناو گەلی کورد و ئازادییخوازان درووست کردووە، لەو چوارچێوەیەدا توێژەکانی شاری کەرکووک داوا لە حکومەتى عێراق دەکەن بەرامبەر هێرشەکانى دەوڵەتى تورک هەڵوێستى هەبێت، هاوکات داوای بڕینی دەستی خیانەتى ناوخۆیی دەکەن کە بە وتەى خۆیان بۆ ئافەرینێک ئەو خیانەتە دژ بە گەلەکەی خۆیان دەیکەن.

ئەحمەد مەلا پێشمەگەیەکی دێرینە لە شاری کەرکووک و  بۆ ڕۆژنیوز وتی: دژایەتیکردنی کوردستان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، هەموو کەرکووک و کوردستان ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستییە دەکات، هەموو خەڵکی کوردستان شاهێدی بۆ ئەوە دەدات پێشمەرگەکانی دژە تیرۆر، بەرگریان کردووە لە خاکی پیرۆزی ئەم وڵاتە، لە کاتێکدا پێشمەرگەکانی کوردستان سەرقاڵی ئەرکەکانی خۆیان بوونە شەهید کراون.

ئەو پیشمەرگە دێرینە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە بێ دەنگ نەبێت لە ئاست ئەو دەستدرێژیانەی دەوڵەتى تورک دەیانکاتە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: بە داخەوە کۆمەڵێک کەس لە ناوخۆ بۆ ئافەرینێک سیخوڕیی بۆ داگیرکەران دەکەن، ئومێدەکەین ئەو دەستانەش ببڕدرێن.

 ڕێبین سەبوور
ڕێبین سەبوور

 ڕێبین سەبوور ڕۆژنامەنووسێکی شاری کەرکووکە و باس لەوە دەکات، دەڵێت: بە داخەوەین ئەو بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، هیوادارین هەموو لایەنەکان پێکەوە ڕێگربن لەو دەستدرێژییانە، بۆ ئەوەی چیتر ڕۆڵەکانمان نەبنە قوربانی.

ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ ڕۆژنیوز وتی: پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارکان لە سەر ئاستی ناوخۆ و جیهان بە دەنگ بێن، هیوادارین گەلی کورد هیچ کات ڕوو لە سیخوڕی نەکەن لە دژی ڕۆڵەکانی خۆمان، دەوڵەتی تورک بۆ خۆت پشتیوانی تیرۆرە، دژە تیرۆر هەمیشە لە خزمەت و پاراستنی کوردستان و عێراقدا بووە.

کەریم خالید پێشمەرگەیەکى دیکەى دێرینە و نیگەرانی خۆی دەربڕی دژە بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بۆ ڕۆژنیوز وتی: زۆر دڵگرانین بەم بارودۆخە، هۆکاری سەرەکی پەرتەوازەیی ماڵی کوردە، یاخوا هەر کەسێک ستەم لە گەلی کورد دەکات ڕیسوابێت.

کەریم خالید
کەریم خالید

دەشڵێت: دەوڵەتی تورک لە سەرەتایەوە دژایەتی گەلی کوردی کردووە، بە داخەوەین هێزەکانی دژە تیرۆر کراوەتە ئامانج، لە کاتێکدا ئەو هێزە لە ناو عێراق  و سووریاش چالاکی ئەنجامداوە لە دژی تیرۆر.

هـ.ح

Comments are closed.