ناوەندى هەواڵەکان
دکتۆر زانیار ئاغال دەڵێت، سەرەتای پایز میکرۆبە درمەکان بڵاو دەبنەوە یەکێک لەوانەش ڤایرۆسی هەڵامەتە و پاشان، کە دەچینە سەرەتای زستان، ئەنفلۆنزا پەیدا دەبێت، ئەمەیان هەندێک جار کوشندەیە بە تایبەتى کاریگەرییەکەى لەسەر کەسانى بە تەمەن و هەڵگرانى نەخۆشى درێژخایەن زیاترە، دەشڵێت، باشتر وایە کاتێک نەخۆش بوون بەسەر هاوڵاتیانى دەوروبەردا نەکۆکن.
دکتۆر زانیار ئاغال، پزیشكی پسپۆڕی هەناویی لە نوسینێکدا ئاماژە بەو نەخۆشییانە دەکات، کە لە وەرزى پایز و سەرمادا لەناو هاوڵاتییاندا بڵاو دەبنەوە و ڕێگاکانى خۆپاراستن لێیان دەخاتە ڕوو، کە نوسینەکەى بەمجۆرەیە:-
لەگەڵ هاتنی وەرزى پایزدا ئاگادارى ئەم نەخۆشییانە بن
سەرەتای پایز میکرۆبە درمەکان بڵاو دەبنەوە یەکێک لەوانەش ڤایرۆسی هەڵامەتە و پاشان، کە دەچینە سەرەتای زستان، ئەنفلۆنزا پەیدا دەبێت، ئەمەیان هەندێک جار کوشندەیە بە تایبەتى کاریگەرییەکەى لەسەر کەسانى بە تەمەن و هەڵگرانى نەخۆشى درێژخایەن زیاترە و هەروەها، لەم وەرزانەدا کۆرۆنا بوونى دەبێت.
نیشانەکانى ئەم نەخۆشییانە کامانەن؟
نیشانەکانى هەڵامەت، ئەنفلۆنزا و کۆرۆنا وەکو یەکن، بە جۆرێک کۆرۆنا و ئەنفلۆنزا هاوشێوەى یەکن، بەڵام هەڵامەت تای کەمترە و لووت، قورگ و گوێ گیرانی زیاترە.
ڕێگاکانى خۆپارێزىی لەم نەخۆشییانە کامانەن؟
یەکەم– خۆ پاراستن تاکە ڕێگەى ڕزگاربوونە لەم نەخۆشییانە بە جۆرێک پێویستە مناڵی نەخۆش مۆڵەتی پێ بدرێت و نەچێتەوە قوتابخانە تا منداڵی دیکە و مامۆستا تووش نەکات، هەروەها مامۆستاکان، پێشمەرگەکان و ئەوانەى سەردانى مزگەوت دەکەن نەچنەوە ناو خەڵک تا نەخۆشییەکەیان چاک دەبێتەوە.
دووەم– کوتان- هەڵامەت کوتانی نییە، بەڵام کۆرۆنا هەیەتی، بەداخەوە هێشتا زۆرێک لە هاوڵاتیان خۆیان نەکوتاوە، هەروەها، ئەنفلۆنزا هەیەتی، بەڵام عێراق درەنگ پێکوتەکە دەنێرێتە هەرێمى کوردستان.
سێیەم– ئەنفلۆنزا و کۆرۆنا لە کەسێکدا، کە نەخۆشی درێژخایەنی هەبوو بێ دواخستن دەبێت سەردانی پزیشک بکات، بۆ ئەوەى کاریگەرىی خراپترى لەسەرى نەبێت.
چوارەم– کارێکى ئەخلاقی، ئاینی و ویژدانی بۆ ئەوانەی تووشى ئەم نەخۆشییانە بوون، نەکۆکن بەسەر هاوڵاتیاندا و میوانداریی مەکەن و نزیک مەبنەوە لە کەسانى بە تەمەن، چونکە کاریگەرى خراپى لەسەر تەندرووستى ئەوان دەبێت.
ئـ.م
Comments are closed.